بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 31ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 22ی تەمووزی 2019 شاندێکی گرووپی حەماسی فەڵەستینی سەردانی ئێرانیان کرد و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆیان کرد.
لە دیدارەکەدا ئایەتوڵڵا خامنەیی دڵنیاییی ئەوەی دا کە لە ئەنجامدا مەسەلەی فەڵەستین لە بەرژەوەندیی گەلی ئەو وڵاتە و هەموو جیهانی ئیسلام دەبێت چوونکە ئەوە وەعدی خودایە و ئێمەش بڕوامان بەو وەعدە هەیە.
لە دیدارەکەدا ساڵح عارووری بریکاری سکرتێری حەماس نامەی ئیسماعیل هەنیە سکرتێکری حەماسی پێشکەش کرد و ئایەتوڵڵا خامنەیی ستایشی هەڵوێستەکانی ئیسماعیل هەنیەی کرد.
ڕێبەری باڵای ئێران دووپاتی کردەوە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی مەسەلەی فەڵەستینەوە ئاشکرا و شەفافە و لەو مەسەلەیدا سازش لەگەڵ هیچ وڵاتێک ناکەن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی تانەی لە هەڵوێستی ژمارەیێک لە وڵاتە ئیسلامییەکانیش دا کە لە مەسەلەی فەڵەستیندا دوای ئەمریکییەکان کەوتن و نموونەی ئاشکراشیان سعوودیە بوو کە هەڵوێستی گەمژانەی وەرگرت چوونکە ئەگەر پشتگیریی فەڵەستینی کردبا دەیتوانی بەو شێوەیە ئیمتیاز لە ئەمریکا بستێنێت.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا شاندی فەڵەستینی تابڵۆیێکی "مسجدالاقصی"یان پێشکەشی ڕێبەری باڵای ئێران کرد.
Your Comment