کورد حەوت ساڵە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریای ڕاگەیاندووە

بەشی سووریا- ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا حەوت ساڵە ڕاگەیێندراوە و لەو ماوەیەدا کوردەکانی ئەو وڵاتە یەک لە سەر سێی خاکی سووریایان کۆنتڕۆڵ کردووە و سوپایێکی 100 هەزار کەسییان دامەزراندووە. ئەوەش لەکاتێکدا تورکیا خۆی مەڵاس داوە هێرش بکاتە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد.

کوردپرێس:

ڕۆژی 19ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 10ی تەمووزی 2012 یەکەم پزیسکی ناڕەزایی لە کوردستانی سووریا دەرکەوت و کۆبانێ یەکەم شار بوو کە لە ژێردەست دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەند دەرهێنرا. هێزە کوردییەکانی سووریا لەگەڵ سەرهەڵدانی نائارامی کۆتاییی ساڵی 2011 لە سووریا کەوتنە یەکخستنی خۆیان و سەنتەرە حکوومی و سەربازییەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە هەمان سەرەتاوە بزاڤی کوردیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) ناوبەناو دەستیان دایە ڕووبەڕووبووونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی ناوەند. پەیەدە ساڵی 2003 دامەزرا و لە زۆر ڕەهەندەوە خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ پەکەکە هەیە. پاش چەند پێکدادانێکی پەیەدە و هێزەکانی دەوڵەتی دیمەشق، بە پێی ڕێککەوتنێکی نەنووسراو، کورد دەسەڵاتی چەند شارێکی کوردنشینی بەدەستەوە گرت. پەیەدە هەلەکەی بە باش زانی و بە لۆژیکی سەربازی دەستی دایە یەکخستن و سامان­پێدانی شارەکانی کوردستانی سووریا. زۆری نەخایاند پەیەدە ڕێچکەی خۆیی لە دیکەی نەیارانی دەوڵەتی سووریا جیا کردەوە و ڕایگەیاند هاوپەیمانی هیچ گرووپێکی دیکە نیە و لایەنی سێهەمی موناقەشەکانی سووریا دەبێت. هەر بەو پێیەش کۆنگرەیێکی بەست و کۆمەڵگای دیموکراتی کوردستان (TVDEM)ی دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە چەتری سیاسیی هەموو پێکهاتە ئایینی و ئتنیکییەکانی باکووری سووریا.

هاوکات کە ئیدارەی خۆسەر دامەزرا و حیزبەکانی ئەو ناوچەیە یەکخران،لقی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستان واتا یەپەگە دامەزرا کە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) ناسراون. بەهاری ساڵی 2013 یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)ش پێکهێنرا.

کشانەوەی سوپای سووریا لە ناوچە کودنشینەکان

پاش ئەوەی 19ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 10ی تەمووزی 2019 سوپای سووریا لە کۆبانێ کشایەوە ڕۆژی 12ی تەمووزی همان مانگ شەڕێکی قورس لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەند ڕووی دا و سوپای سووریا ناچار کرا لە دووهەمین گەورەشاری کوردنشینی سووریا واتا "دیلۆک" بکشێتەوە. پاشتر عەفرین و دیکەی شارە کوردنشینەکانیش بە دەست دەوڵەتی ناوەندەوە نەما و کەوتە دەست کورد.

کانتۆنەکان پێکهێنران

سەرەتای ساڵی 2014 پاش ئەوەی داعش لە عێراق دسەڵاتی گرت، ئیدارەی خۆسەری کانتۆنەکانی کوردستانی سووریا ڕاگەیێندرا. کۆتاییی وەرزی پاییزی هەمان ساڵ داعش بە کەرەستەی قورسی سەربازی کە لە مووسڵ و شارەکانی عێراق بە غەنیمەتی گرتبوون هێرشی کردە سەر کۆبانێ.

تەنها یەک گەڕەک بەدەست کوردەوە مابوو و داعش بە سەر هەموو شارەکەدا زاڵ بووبوو بەڵام کوردەکان کۆبانێیان بەدەستەوە نەدا و لە ئەنجامدا پاش هاتنی هاوپەیمانیی دژەداعش و یرامەتییەکانی ئەمریکا، کورد توانیی کۆبانێ ڕزگار بکات و داعش لەو شارە شکستی هێنا.

ساڵی 2015 ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD) دامەزرا و پێشتریش سوپای سووریای دیموکرات (HSD) پێکهێنرابوو.

بەهاری 2016 سیستەمی فیدراڵیی دیموکراتی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا ڕاگەیێندرا و زستانی ساڵی 2017 سوپای سووریای دموکرات توانیی شاری ڕەقە لە بندەست داعش ڕزگار بکات. سەرەتای ساڵی 2017 تورکیا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە پاش 58 ڕۆژ بەرخۆدانی کورد، سەرەنجام عەفرینیان داگیر کرد.

دیسان کوردی سووریا بەهاری 2019 دوایین مۆڵگەی داعشیان لە باغۆزی دەیرەزوور کۆنتڕۆڵ کرد و بەو شێوەیە کۆتاییی خەلافەتی داعش ڕاگەیێندرا.

کورد بۆچی بوو بە نەیاری دەوڵەتی دیمەشق:

کورد هۆکاری زۆر بۆ ناڕەزاییەکانیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ناوەند دەستنیشان دەکەن. لەوان: دیمەشق مافی کورد لەبەرچاو ناگرێت، بە سیاسەتی نایەکسانی مامەڵەی لەگەڵ کورد دەکرد، ناوچە کوردییەکان تەعریب دەکران، بەشێک لە کوردەکان تەزکەرە و ناسنامەی سوورییان نەبووە، پشتێنی عەرەبی لە ناوچە کوردنشینەکان دروست دەکرا، ڕێککەوتنی "ئادانا"ی نێوان تورکیا و سووریا لەسەر مەسەلەی کورد کە 1998 واژۆ کرا، ڕووداوەکانی ساڵی 2004 لە قامیشلۆ و ...

کوردی سووریا ئێستا ڕایدەگەیێنێت کە بە بێ ئەوان پڕۆسەی سیاسیی سووریا ناڕوات و دانووستانەکان لەبارەی داهاتووی سووریاوە بە بێ کورد پەکی دەکەوێت.

جووڵەی تورکیا

لە لایێکی دیکەوە سەرچاوە خۆجێیییەکان بە ئاژانسی کوردپرێسیان وتووە سوپای تورکیا ژماره‌یێکی زۆر ده‌بابه‌ و زرێپۆشی به‌ره‌و ناوچە کوردنشینەکان جووڵاندووه‌ و پاش وه‌رگرتنی سیسته‌می مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی جووڵه‌کانی سوپای تورکیا زیادی کردووه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هێزه‌کانی ئه‌مریکا و گرووپی ناسراو به‌ هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش بنکه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌کانی تورکیا له‌ حاڵێکدا ئه‌نجام ده‌بێت که‌ بۆ ماوه‌ی 5 ڕۆژه‌ گرووپی‌ مه‌ده‌نیی ناوچه‌ سنوورییه‌کانی کۆبانێ بە هه‌ڵدانی خێوه‌ت و ڕاگه‌یاندنی بزاڤی "قه‌ڵغانی زیندوو" ناڕه‌زایه‌تیی خۆیانیان به‌ هه‌ر جۆره‌ هێرشی گریمانه‌کراوی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا ده‌ربڕیوه‌.

جووڵه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا له‌ حاڵێکدا ئه‌نجام ده‌درێت که‌ مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی سوپای سووریای دیموکرات ئاماژه‌ی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ گریمانه‌کراوه‌کانی سوپای تورکیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کردبوو و به‌ هه‌واڵده‌ریی BBCی تورکی ڕاگه‌یاندبوو: ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و عه‌فرین وه‌ک یه‌ک نیین و له‌ زه‌وین تا ئاسمانه‌وه‌ جیاوازییان هه‌یه‌. فاکته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌نینه‌ لاوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپای تورکیا ده‌ست پێبکه‌ین دۆخه‌که‌ زۆر جیاواز ده‌بێت. شه‌ڕێک ده‌ست پێده‌کات که‌ چه‌ندین ساڵ ده‌خایێنێت. ئێره‌ ناوچه‌یێکی به‌رفراوانه‌. ئێمه‌ بڕیارێکی ستراتێژیکمان له‌ عه‌فرین گرته‌به‌ر و ویستمان شه‌ڕ ته‌نها له‌ عه‌فریندا بێت. به‌ڵام لێره‌ {ڕۆژهه‌ڵاتی فورات} به‌و شێوه‌یه‌ نابێت. ئه‌گه‌ر سوپای تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یێکی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ئه‌وا شه‌ڕێکی ته‌واو عه‌یار ڕوو ده‌دات.

کورد پێبەندە بە سەروەریی خاکی سووریا

پێشتریش حەسەن محەمەد عەلی ئەندامی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتبوو هەموو هەوڵی ئەنجومەنەکەیان بۆ پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی و سەروەریی سووریا بووە و ئەزموونی 8 ساڵی ڕابردووش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە بەڵام لە هەمان کاتدا دەشڵێت تاکە ڕێگای گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ سووریا چەسپاندنی لامەرکەزییەتە و پێویستە دەوڵەتی دیمەشق مل بە قبووڵ کردنی ئیدارەی خۆسەر بدات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات گوتیشی: "لەم قۆناغەدا کە تیرۆر لە سووریا ڕوو لە تەواوبوونە پێویستە لەپێناو پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا بەرەو لامەرکەزییەت و چەسپاندنی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا هەنگاو هەڵبێنین."

ناوبراو زیادیشی کرد: ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی گونجاوترین سیستەمی حکومڕانییە بۆ سووریا چوونکە هەموو پێکهاتەکان بە ئایین و ڕەگەزە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت.

حەسەن محەمەد علی لەبارەی لامەرکەزییەتەوە ڕوونکردنەوەی بە هەواڵنێری کوردپرێس دا و گوتیشی: "لامەرکەزییە گوتارێکی بەهێز و گرینگی پڕۆسەی سیاسییە کە لەبەر ڕۆشناییی ئەزموونی شەڕی 8 ساڵە لە سووریا پێویستە سەرنجی بخرێتە سەر."

News Code 65210

Your Comment

You are replying to: .
captcha