پێنتاگۆن په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا به‌ هێرشی سه‌ر سه‌ربازگه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندیێکیان به‌ هێرشی فڕۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌که‌وه‌ نییه‌ که‌ بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌لاحه‌ددین ئه‌نجام دراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 19ی ته‌مووزی 2019 ژماره‌یێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌ عه‌ره‌بیه‌کان له‌وان ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لمه‌یادین له‌ زاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکاوه‌ بڵاویان کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هێرشی فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وانی شه‌وی ڕابردوو بۆ سه‌ر که‌مپی "الشهداء"ی ناوچه‌ی ئامرلیی ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینی باکووری عێراقی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ئاگاداری هێرش بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌که‌ی حه‌شدی شه‌عبی کراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێزه‌ ئه‌مریکییه‌کانی جێگیر له‌ عێراق په‌یوه‌ندییێکیان به‌و هێرشه‌وه‌ نه‌بووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ که‌ناڵی سه‌ته‌لایتی دیجله‌ی سه‌ر به‌ محه‌مه‌د که‌ربولی سکرتێری گشتیی حیزبی "حل" و نوێنه‌ری ئه‌هلی سوننه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ زاری سه‌رچاوه‌یێکی ئاگاداره‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ فڕۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌کانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا له‌ سێ ڕۆژ پێش ئێستاوه‌ چاودێرییان له‌سه‌ر که‌مپی "الشهداء"ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌کرد.

هه‌واڵنێری که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ی عێراقیش له‌ زاری چه‌ندین سه‌رچاوه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش پێش له‌ هێرشه‌که‌ی سه‌ر سه‌ربازگه‌که‌ی حه‌شدی شه‌عبی چاودێری له‌سه‌ر ئه‌و که‌مپه‌ی سه‌ر به‌ لیوای شانزده‌هه‌می حه‌شدی شه‌عبی ده‌کرد.

شایانی باسه‌ که ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 19ی 7ی 2019 شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان بۆردومانى سه‌ر سه‌ربازگه‌یێکی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنووری ئامرلی کردووه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامدا دوو برینداری لێکه‌وتۆته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌لعه‌هدنیووزی سه‌ر به‌ عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ژماره‌ی قوربانییانی ڕووداوه‌که‌ی به‌ یه‌ک کوژراو و دوو بریندار ڕاگه‌یاند.

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57257

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65136

Your Comment

You are replying to: .
captcha