بڕینی داره‌ زه‌یتوونه‌کانی عه‌فرین له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌

به‌شی سووریا- به‌رپرسێکی کانتۆنی عه‌فرین ده‌ڵێت: له‌ کاتی دروێنه‌ی به‌روبوومی داره‌ زه‌یتووه‌کانی عه‌فرین له‌جیاتی هه‌ر 100 پووت، 60 پووتی له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ به‌تاڵان ده‌برێت و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ کۆی 18 هه‌زار داری زه‌یتوونی عه‌فرین 8500 نه‌مامی له‌لایه‌ن چه‌کدارانه‌وه‌ بڕاوه‌.

هێڤی مسته‌فا هاوسه‌رۆکی پێشووی کانتۆنی عه‌فرین ئاماژه‌ی به‌ داپه‌ڕی نامرۆڤانه‌ی گرووپه‌ چه‌کداره‌کانی عه‌فرین دا و به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌ کاتێکدا عه‌فرین له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانه‌وه‌ داگیر کرا مافی مرۆڤیش له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ناو برا.

ناوبراو گوتیشی: له‌ ساڵی 2018 تاوه‌کوو ئه‌مڕۆ 11 هه‌زار که‌س له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی پاڵپشتکراوی تورکیاوه‌ ڕفێندراون که‌ بۆ ئازادکرانیان داوای پاره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌کانیان ده‌که‌ن.

هێڤی مسته‌فا ڕای‌گه‌یاند: داموده‌زگاکانی مافی مرۆڤ نابوێرن سه‌ردانی عه‌فرین بکه‌ن چوونکه‌ ڕه‌فتارێکی دڕندانه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌کرێت.

به‌رپرسه‌ باڵا کورده‌که‌ی عه‌فرین گوتی: چه‌ندین جار داموده‌زگاکانی مافی مرۆڤ هه‌وڵیان دا‌ سه‌ردانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بکه‌ن به‌ڵام چه‌کداره‌کان ڕێگه‌ ناده‌ن و له‌ ڕاستیدا ده‌وڵه‌تی تورکیا ڕێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی سه‌ردانێکی وا نادات.

هێڤی مسته‌فا جه‌ختی کرده‌وه‌: هاوشێوه‌ی زاڵبوونی داعش له‌سه‌ر مووسڵ و ڕه‌قه‌ که‌ که‌سێکی ئازا و بوێر نه‌بوو سه‌ردانی ناوچه‌که‌ بکات ئه‌مڕۆکه‌ش تورکیا حاڵه‌تێکی تۆقاندنی له‌ عه‌فرین هێناوه‌ته‌دی بۆ ئه‌وه‌ی هیچ داموده‌زگایێک نه‌توانێت سه‌ردانی ناوچه‌که‌ بکات.

هاوسه‌رۆکی پێشووی عه‌فرین زیادی کرد: ڕۆژێک نییه‌ که‌ گه‌نجان و به‌ساڵاچووانی عه‌فرین له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ نه‌درێن و نه‌کوژرێن، ڕۆژێک نییه‌ که‌ ئاگر له‌ ده‌غڵودانی جووتیارانی کورد به‌ر نه‌درێت و ماڵ و سامانی خه‌ڵک له‌لایه‌ن چه‌کدارانه‌وه‌ به‌تاڵان نه‌برێت.

به‌رپرسه‌ باڵاکه‌ی عه‌فرین ناوی چه‌ندین گرووپی چه‌کدار له‌ عه‌فرینی هێنایه‌وه‌ که‌ ترس و تۆقاندن له‌ نێوان خه‌ڵک دروست ده‌که‌ن و ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌ندێک گرووپی جۆراوجۆری تیرۆریستی وه‌ک سوڵتان موراد، به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و گرووپی بچووک و گه‌وره‌ی تیرۆریستی هه‌ن که‌ تورکیا پڕچه‌کیان ده‌کاته‌وه‌ و به‌ بیانووی جۆراوجۆره‌وه‌ گه‌نجان ده‌ستگیر و به‌ خراپترین شێوه‌ له‌ زیندانه‌ نهێنییه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن و پاره‌یێکی زۆر بۆ ئازادکردنیان داوا ده‌که‌ن.

ناوبراو زیادیشی کرد: چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا له‌ ناحیه‌ی جه‌ندرس خێزانێک له‌لایه‌ن گرووپێکی تیرۆریستییه‌وه‌ ڕفێندرا که‌ له‌ نێویاندا ژن و کچ هه‌یه‌ و بۆ ئازادکردنی هه‌ریه‌کیان داوای 8 هه‌زار دۆلاریان کردووه‌.

هێڤی مسته‌فا تورکیا به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌کیی ئه‌م داپه‌ڕانه‌ ده‌زانێت و ڕوونی ده‌کاته‌وه‌: تیرۆریستان به‌ به‌رنامه‌ و پلانه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌و کارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئامانجه‌که‌شیان ئه‌وه‌یه‌ کوردی عه‌فرین له‌ ماڵ و زێدی خۆیان ده‌ربکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جێگه‌ی ئه‌وان چه‌کدارانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان نیشته‌جێ بن.

ناوبراو گوتی: گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی عه‌فرین داپه‌ڕی نامرۆڤانه‌ له‌ به‌رچاوی جیهان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌ بیانووی جۆراوجۆره‌وه‌ تیرۆریستان له‌ ئیدلبه‌وه‌ بۆ عه‌فرین ده‌گوازنه‌وه‌ و زه‌وی و خانوو به‌وان ده‌به‌خشن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ دۆخی باخداران و جووتیارانی عه‌فرین کرد و گوتی: عه‌فرین ناوچه‌یێکی شاخاوی و ئاوه‌دان و پڕپیته‌ که‌ تا پێش له‌ هێرشی تیرۆریستان خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ڕێگای جووتیاری و باخداری و داری زه‌یتوونه‌وه‌ ده‌ژین به‌ڵام پاش داگیرکردنی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستان ژیانی خه‌ڵک به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی بوویه‌وه‌ و ئابووری خه‌ڵکیش که‌وته‌ ده‌ست تیرۆریستان.

هێڤی مسته‌فا ڕاشی‌گه‌یاند: له‌ کاتی دروێنه‌ی به‌روبووم تیرۆریستان ده‌چنه‌ لای باخداران و ئه‌گه‌ر 100 پووت زه‌یتوونیان بێت ده‌بێ 60 پووتی ڕاده‌ستی تیرۆریستان بکه‌ن و زه‌یتوونه‌که‌ش به‌ نرخێکی زۆر که‌م له‌لایه‌ن که‌سانی سه‌ر به‌ تورکیا و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانه‌وه‌ ده‌سه‌ندرێت.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا جه‌ختی کرده‌وه‌: نزیکه‌ی 18 هه‌زار داری زه‌یتوون له‌ عه‌فریندا بوو که‌ ئه‌مڕۆکه‌ 8500 نه‌مامی له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ بڕاوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65075

Your Comment

You are replying to: .
captcha