کورد هومێدی زۆرە ببێتەوە خاوەنی پێگەی جارانی خۆی لە کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕەوەند مەلا مەحموود لەبارەی دیاریکرانی پارێزگاری کورد لە کەرکووک بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند عەرەب و تورکمان کاردانەوە یان دژایەتییان نەبووە و لایەنە کوردستانییەکانیش کۆدەنگن لەسەر ئەو کەسەی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری کراوە و گەشبینین چیتر تەعریب لە کەرکووک نەمێنێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشەمە 20ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 14ی تەمووزی 2019 یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆ بوونەوە لە سەر دیاری کردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک گەیشتنە ڕێککەوتن. ئەو ڕێککەوتنەش دەستی کورد ئاوەڵا دەکات کە لە باڵاترین مەرجەعی ئیداریی پارێزگاکەدا کۆنتڕۆڵی دووبارەی بێت. لە کۆی 41 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک فراکسیۆنی برایەتی بە 26 زۆرینەن کە پێکهاتەی سەرەکیشیان پارتی و یەکێتین. بۆیە بۆ دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک پێویستیان بە دەنگی هیچ پێکهاتەیێکی دیکە نیە.

ژمارەیێک لە عەرەبەکان پاش ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەستیان کرد بە خۆپیشاندان لە کەرکووک و تەنانەت دەنگی پشتگیری کردن لە سەدام و رژێمی بەعسیش بەرز بوویەوە.

لە لایێکی دیکەشەوە نازم شەمەری جێگری سەرۆکی بەرەی عرەبی لە پارێزگای کەرکووک داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگاکەی کردبوو و وتبووی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کەرکووک ناڕەزاییی لێدەکەوێت و پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ژمارەیێک لە هاووڵاتییانی عەرەب هاتنە سەر شەقام.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس مەبەستیەتی دوایین دۆخی پارێزگای کەرکووک بە وردی تاوتوێی بکات. هەر بەو مەبەستەش دیمانەیێکی لەگەڵ ڕەوەند مەلا مەحموود کردووە کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییە لە کەرکووک.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: لەم قۆناغەی ئێستادا ڕێککەوتتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پارێزگاری کەرکووک چۆن دەبینن؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: ئەم ڕێککەوتنە بێگومان زەروورەتی خۆی هەیە لە ناو کورددا. چوونکە ئەگەر ماڵی کورد یەک بێت ئەو کاتە دەنگی زوڵاڵتر دەبێت و لە هەمان کاتدا دەتوانێت کار باشیش بکات هەم بۆ کەرکووک و هەم بۆ ناوچەکانی دیکە.

کوردپرێس: پاش ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتی کاردانەوەیێکی توند لە ناو عەرەب و تورکمان و بەتایبەتی عەرەبدا بوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەوانیش پێکهاتەی سەرەکین لە کەرکووک ئەو کاردانەوەیە چ کاریگەرییێکی دەبێت؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: کاردانەوە نەبووە. من پێم غەدرە میدیای کوردی ئەوە بە کاردانەوە بزانێت. کۆمەڵێک خەڵکی بەعسی بوون. ئاگاداری ئەوەن کە بەعسییەکان ساڵانی زۆر لە عێراق حوکمیان کردووە و هەواداریان هەیە و ئەگەر سەرنجی سیما و دەموچاویان بدەیت هەموویان خەڵکە کۆنەکان بوون هەموویان بەعسی بوون و خۆشیان دەڵێن ئێمە بەعسیین. بەعسییەکان لە هەر کوێیێک بن هەر دژی کوردن. بەڵام بە نیسبەت تورکمانەوە هیچیان نەوتووە و قسەی خراپیان نەکردووە و نەشمان بیستووە هیچ بەیانێکی خراپیان هەبێت. بە عەکسەوە ئەوان ئامادەن بۆ دانووستاندن. ئەوانیش میلەتێکیان هەیە و پێویستە ئیستحقاقی خۆیان هەبێت. جگە لەوەش خۆ تا ئیستا هیچ ئیشێکی خراپ نەکاروە. ئەو پارێزگارەی ئێستا هەیە خۆ پارزگاری بە وەکالەتە و پارێزگاری کەرکووک نییە. کە پارێزگاری کەرکووک نەبێت ئیتر دانانی پارێزگارێک شتێکی ئەوەندە لە بابەتەکە ناگۆڕێت بە نیسبەتی ئەوانەوە. جاران پارێزگاری بەوەکالەت بوو ئێستاش هەر وەکالەتە. واتا دەبێتە جێگری پارێزگار. بۆیە ئێمە وای نابینین کاردانەوە بێت و ناشکرت 4 کەسی بەعسی بێن و بڵێن ئەمە ڕای عەرەبە. شتی وا نییە.

کوردپرێس: بۆ ڕای بەردەنگانی کوردپرێس تکایە ڕوونی بکەنەوە ئەو پارێزگارەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە سەر بە چ لایەنێکە و کێیە؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: خەڵکی کەرکووکە و پێشتر وەزیفەی دەوڵەتیی بینیوە. ماوەیک بریکاری وەزیر بووە. دەرچوو مۆهەندیسییە لە زانکۆ. خەڵکی کەرکووکە. ساڵانێکی زۆر لە بواری موجتەمەعی مەدەنی کاری کردووە. پیاوێکی نووسەرە و کوردێکی چاکە بۆ هەموو لایێک. ئەوەی کە سەر بە یەکێتییە یان خەیر ئەوە نازانم.

کوردپرێس: دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دانیشتنی بێت. وەک ئێوە ئاگادار بن پاش ڕێککەوتنەکە چ ڕێکارێک گیراوەتە بەر؟ ئایا بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە خودی کەرکووک بەڕێوە دەچێت؟ واتا پارتی دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک؟ بابەتەکە دیاری کراوە؟

بە تەئێکید کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ناو بینای پارێزگاریی کەرکووک دەبێت. ئێمەش مێکانیزم و ڕێوشوێنی جێبەجێ کردنی دەگرینە بەر. ڕەنگە لە ماوەیێکی کورتدا کۆبوونەوەیێکی دیکە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا بوون. بەپێی زانیارییەکانی من تا ئەم کاتەش کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دیاری نەکراوە.

کوردپرێس: بەم دۆخەی ئێستاوە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ئەوەی کە پێی دەوترێت ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە چۆن دەبینن؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: ئەگەر کورد هەموومان بە یەکەوە بین هەوڵ دەدەین دۆخی کەرکووکیش بەرەو چارەسەرکردن بەرین. لە لایێکی دیکەوە ماڵی کورد یەک دەخەین و هەوڵ دەدەین ئیدارەکە ئیدارەیێکی باش و چالاک بێت. بە نیسەت هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشەوە بە ڕای من ئەمە پێویستی بە دەست و پەنجە نەرم کردنە. ئەگینا پێشمەرگە هەر ئیستەش لە سەر مەنزوومەی دیفاعیی عێراقی کۆمەڵێک هەماهەنگی و هاوکارییان هەیە و دانیشتنێکیان پێکەوە کردووە. من نازانم لە ناو دانیشتنەکەیاندا باسی چییان کردووە. بەڵام ئەمە بابەتێکە من پێم وایە دەبێ لێی گەڕێین بۆ کاتی خۆی.

کوردپرێس: یەک لە داواکاری و دڵنیگەرانییەکانی کورد لە کەرکووک ئەوە بوو کە پارێزگاری کورد هەڵبژێردرێت. بەڵام ئێستا وەزعەکە زۆر لە قۆناغی پێش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبر جیاوازە. ئایا دانانی پارێزگاری کورد چی لە مسەلەی کورد لەو پارێزگایەدا حەل دەکات؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: بە تەئکید دەوری زۆر دەبێت. چوونکە پارێزگار ڕەئیسی وەحدەی ئیدارییە. ڕێگە لە تەعریب دەگرێت. ڕێگە لە خراپیی ئیدارە دەگرێت و ڕێگە لەوە دەگرێت کە ئیدارە بەربڵاویی پێوە دیار بێت و لە هەمان کاتدا دەتوانێت پڕۆژەی باش بۆ شارەکە جێبەجێ بکات کە ئێستا بەشێکی زۆری پڕۆژەکان وەستاوە. جگە لە هەموو ئەمانەش دەتوانێت یەکێتیی نێوان پێکهاتەکان بپارێزێت چوونکە کورد زۆر خۆی بە مەغدوور دەزانێت. تورکمانیش خۆی بە مەغدوور دەزانێت. بۆیە بەئومێدین ئەو کێشانە بە دانانی پارێزگار چارەسەر ببن. لە هەمان کاتدا پارێزگارێکی شەرعیی دەبێت و ئەو پارێزگارە شەرعییە دەتوانێت موقابەلەی حکوومەتی مەرکەزی بکات لە بەغدا بە جێبەجێ کردن و ڕایی کردنی کارەکان.

کوردپرێس: کە وایە ئێوە گەشبینن بە جێبەجێکرانی داواکارییەکانی کورد بەم گۆڕانکارییە لە کەرکووک؟

ڕەوەند مەلا مەحموود: بە تەئکید دانووستانی زۆر لە نێوان ئێمە و هەڤاڵانی پارتی کراوە بۆ ئەوەی ئەو مەوزووعە چارەسەر بکەین و ئومێدی زۆریشمان هەیە یەکلای بکەینەوە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

News Code 65071

Your Comment

You are replying to: .
captcha