کوردپرێس:
شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی داعش، ژمارەیێک چەكداری رێكخراوەكەیان لە سنووری پارێزگاكە بۆردومان كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی بۆردومانەكەدا، حەوت چەكداری داعش كوژراون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی پاكسازیكردندا لە سنووری پارێزگاكە، چەكدارێكی داعشیان كوشتووە، هەروەها دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێك و دوو ماتۆڕسكیل، ژمارەیێک چەك و بڕێك تەقەمەنیدا گرتووە".
بەم دواییانە پەلامارەكانی رێكخراوی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەكان زیادی كردووە بەتایبەتیش لە سنووری پارێزگاكانی دیالە، سەڵاحەددین و كەركووك.
Your Comment