کوردپرێس:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند که ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه 13ی ته‌مووزی 2019 محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌غدا له‌گه‌ڵ فێدێریكا مۆگێرینی نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و كاروباری ئاسایش كۆ بووه‌وه.
له به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که له کۆبوونه‌وه‌ی نێوان حه‌کیم و مۆگێرینی باسی كۆمه‌لێک ته‌وه‌ری گرنگ کراوه له‌وانه پرسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و زیادكردنی هاوکاریی نێوان وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و عێراق و كارئاسانی له گه‌شته ئاسمانییه‌كان.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لیان له‌سه‌ر دواپێشهاته‌کانی ناوچه‌که ئه‌نجام دا و ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر به‌ڵێنه هاوبه‌شه‌کانیان له به‌رانبه‌ر سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کرده‌وه.
حه‌کیم و مۆگێرینی ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێککه‌وتننامه‌ی شه‌راکه‌تی نێوان عێراق و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا که مانگی ئه‌گێستی ساڵی ڕابردوو جێبه‌جێ کرا ده‌توانێت چوارچێوه‌ی هاوکارییه‌کانی نێوان دوو لایه‌ن له هه‌ندێک بوار له‌وان مافی مرۆڤ، ئابوور، وزه، ئاسایش، گه‌یاندن و گواستنه‌وه و ژینگه پته‌وتر بکات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر پێویستی که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه له ناوچه‌که، مه‌ترسی و لێکه‌وته‌کانی ته‌نگه‌ژه‌ی ئێستا و خواستی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بۆ پشتیوانی له ده‌ست‌پێکردنی دایالۆگی نێوان لایه‌نه‌کان کرده‌وه.
له لای خۆیه‌وه فێدریکا مۆگرینی نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و كاروباری ئاسایش ده‌ستخۆشی له فیداکارییه‌کانی عێراق کرد بۆ شه‌ڕ دژی تیرۆریزم و پشتیوانیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له هه‌وڵه‌کانی ئه‌و وڵاته بۆ له‌ناوبردنی عه‌قڵییه‌تی تیرۆریستی دووپات کرده‌وه.
به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا باسی له‌وه‌ش کرد که عێراق تاوه‌كوو ئێستا پێویستی به یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌یه. یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ه‌وه به بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ له بواره‌كانی یارمه‌تی مرۆیی، سه‌قامگیری، گه‌شه‌پێدان و بواری ئه‌منیی یارمه‌تی عێراقی داوه.
شایانی باسه؛ ڕۆژی شه‌ممه 13ی ته‌مووزی 2019 نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و كاروباری ئاسایش به سه‌ردانێكی پێشتر ڕانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته به‌غدا.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment