مەسروور بارزانی و باڵیۆزی تورکیا جەخت لە پتەو کردنی پێوەندییەکان دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمڕۆ شەممە 13/7/2019 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای باڵیۆزخانەی تورکیا لە عێراق بە سەرۆکایەتیی فاتیح بەڵدز کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا کە هاکان کەرەجای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێ خواست و گوتی: "هیواداراین دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی پڕ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر گەشە بسەنێت".

لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی: "هیوادارین پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەردەوام و بەهێزتر ببێت".

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دا، بە شێوەیێک کە بایەخ بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش بدرێت و داهاتی کوردستان تەنیا یەک سەرچاوە نەبێت. گوتیشی: "زەمینەیێکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر دەکەین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ناوچە سنوورییەکاندا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی و داواشی کرد، هەموو لایێک ڕێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرن و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داواشی کرد ئاسانکاریی زیاتر بۆ گەشت کردنی هاووڵاتییانی هەردوولا بکرێت و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تووشی کێشە و ئاستەنگ نەبن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64963

Your Comment

You are replying to: .
captcha