بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا کە هاکان کەرەجای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێ خواست و گوتی: "هیواداراین دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی پڕ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر گەشە بسەنێت".
لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی: "هیوادارین پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەردەوام و بەهێزتر ببێت".
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دا، بە شێوەیێک کە بایەخ بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش بدرێت و داهاتی کوردستان تەنیا یەک سەرچاوە نەبێت. گوتیشی: "زەمینەیێکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر دەکەین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ناوچە سنوورییەکاندا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی و داواشی کرد، هەموو لایێک ڕێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرن و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داواشی کرد ئاسانکاریی زیاتر بۆ گەشت کردنی هاووڵاتییانی هەردوولا بکرێت و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تووشی کێشە و ئاستەنگ نەبن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment