کوردپرێس:
کۆنسوڵخانەی گشتی فەرەنسا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کابینە نوێیەکەی دەڵێت، متمانەمان بە توانای ئەم کابینە نوێیە هەیە کە بەزووترین کات وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی هەلی کار، ئاسایش و خزمەتگوزاری گشتی بداتەوە.
کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە "دەزانین ئەم کابینە نوێیە پێداگری دەکات بە هێشتنەوەی ئاستی بەرزی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و پتەوکردنی زیاتری یەکگرتووییی هەرێمی کورستان، ئەمانەش مەرجن بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان لەگەڵ بەغدا".
هەر لە پەیامێکی جیادا کۆنسووڵخانەی ئەمریکاش ڕایگەیاند پشتیوانیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و هیوای ئەوەش دەخوازن ئەو کابینەیە کار بکات بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی چوارشەمە 10ی تەمووزی 2019 پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا.
مەسروور بارزانی بە دەنگی 88 پەرلەمانتار بووە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها قوباد تاڵەبانیش بە دەنگی 73 پەرلەمانتار بووە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
Your Comment