بەرپرسانی عێراقی و حکوومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەبۆنەی دەست بەکار بوونی وەکوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی عێراقی و حکوومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019 له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، متمانه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م درا و سوێندی یاساییان خوارد، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و بەم بۆنەوە بەرپرسانی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند پەیامێکی جیاجیادا پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و رایدەگەیێنێت : "گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌ كە وەک سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەڵێت: "ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەت كردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادە كردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناخی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین".

هەروەها لە تویتێکدا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیویەتی: "هیوای سەرکەوتن بۆ مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نوێ دەخوازم".

لە تویتەکەی بارزانیدا هاتووە: "بە تەواوی پشتگیری لە سەرۆکی حکوومەت بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم".

بەبۆنەی متمانەدانی پەرلەمان بە پێكھاتەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد.

بەرهەم ساڵح سەرۆک كۆماری عێراق لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پیرۆزبایی كردن، پاڵپشتی و ھاوكاریی خۆی بۆ مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەربڕی.

بەرھەم ساڵح ھیوای سەركەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست وەک سەرۆک وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌كات و هیوای خواستووه‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هۆی باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پاڵپشتی و هاوكاریی خۆی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64901

Your Comment

You are replying to: .
captcha