بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا چوار ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند: "ئێمە داوا لە بەرلین دەکەین هێزی وشکێنی ئەڵمانیا وەکوو جێگرەوەی هێزە ئەمریکییەکان ڕەوانەی سووریا بکات و تا کۆتایی ئەم مانگە وەڵامی داخوازییەکەمان بداتەوە".
بەڵام هەواڵدەریی دۆیچەولە-ی ئەڵمانیا لە زاری ئشتفان زایبرت، وتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیاوە ڕایگەیاند: نایانەوێت لەسەر داوای ئەمەریکا هێزی سەربازی بۆ سووریا ڕەوانە بکەن. بەم حاڵەوە زایبرت جەختی کردەوە ئەڵمانیا پێبەندی بەڵێنەکانی خۆیەتی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی دژە داعشدا کە بریتن لە گەشتە هەواڵگرییەکان بە فڕۆکەی تۆرنادۆ، فڕۆکەی تایبەت بە پێدانی سووتەمەنی و ڕاهێنانی سەربازی لە عێراق درێژە دەدات.
جەیمز جێفری لە بەرلین بە ڕۆژنامەوانانی وتبوو: «ئێمە داوا لە دیکەی هاوپەیمانەکانی خۆمان دەکەین هێز ڕەوانەی باکووری سووریا بکەن، ئێمە داوا لە بەرلین دەکەین هێزی وشکێنی ئەڵمانیا وەکوو جێگرەوەی هێزە ئەمریکییەکان ڕەوانەی سووریا بکات، ئەڵمانیا دەتوانێت پشتیوانیی لۆجستی و تەکنیکی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات».
ئشتفان زایبرت زیاتر ڕایگەیاند: ئەڵمانیا هیچ چالاکیێکی وشکێنی لە سوویا نابێت بەڵام پێبەندی بەڵێنەکانییەتی لە چوارچێوەی هاوپەیماناندا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند 2000 هێزی خۆی لە باکووری سووریا دەکشێتەوە و داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کرد هێز ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکەن تا ڕێگر بن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا، ترەمپ بەنیازە ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا وەکوو لەمپەڕێک لە نێوان کوردەکانی سووریا و تورکیا دابمەزرێنێت بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە هێز ڕەوانەی سووریا بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment