کوردپرێس: جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە كوردستان24ی گوتووە: "بۆردوومان و تۆپباران كردنی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەھۆی بوونی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە لەسەر سنوورەكان، ئەو بابەتە بابەتێكی سیادییە و دەبێ حكوومەتی عێراق لەسەر بەزاندنی سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بكات، چوونكە بەپێی دەستوور ھەرێمی كوردستان ناتوانێت لەسەر سنوور گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بكات".
جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەش كرد: "ئابووری ھەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێران، بۆیە بوونی ئاڵۆزی لەسەر سنوورەكان كێشە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات".
ناوبراو ئاشكراشی كرد: "بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا تائێستا زیاتر لە 450 گوندی ھەرێمی كوردستان چۆڵ كراون، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر رەز و باخەكانیان، لەم ماوەی دوایشدا چەند ھاووڵاتییێک بەوھۆیەوە شەھید و بریندار بوون، كە ھیچ پەیوەست نین بە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، دەبێ ئەو لایەنانە تێبگەن بەكارھێنانی سنووری ھەرێمی كوردستان دژی وڵاتانی دراوسێ دەبێتە ھۆكاری تێكدانی رەوشی ئەمنی و ھاووڵاتیان دەبنە قوربانی، دەبێ لەوە تێبگەن نابێ خاكی ھەرێمی كوردستان بۆ لێدانی وڵاتان بەكاربێنن، بەڵكوو دەبێ خۆیان دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، چوونكە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان قازانجە بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان".
لەبارەی پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە جەبار یاوەر، گوتی: "ھیچ جۆرە پەیوەندی و ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە دا نییە، پێشمەرگە ھێزێكی فەرمی و یاسایی ھەرێمی كوردستانە و یاساكان رێگە نادەن كە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە ببەستێت، ئێمە دەمانەوێت كێشەی ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و ھەموو ھێزەكان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخەین، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدەین".
سەبارەت بە دروست كردنی ھێزێک لەلایەن پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەوە ھەڵەیە پەكەكە دەیكات، لە ھەرێمی كوردستان حكوومەت و پەرلەمان ھەیە و ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ھێزی فەرمی ھەرێمی كوردستانن و كار و ئەركیان بەپێی یاسا رێكخراوە، ھەرێمی كوردستان بە ھێزە فەرمییەكان دەپارێزرێت، نابێ ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت، چۆن دەبێ ھێزێک كە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە بێت و بڵێ ھەرێمی كوردستان دەپارێزین؟".
ئەوەشی خستەڕوو: "زۆرجار حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵیداوە كێشەی نێوان پەكەكە و توركیا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment