نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری تایبه‌تیی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری سووریا کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فرانسوا سنود نوێنه‌ری تایبه‌تیی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری سووریا و دۆمنیک ماس كونسولی گشتیی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان کۆ بووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

کوردپرێس: لە دیدارەکەدا نوێنه‌ری تایبه‌تیی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری سووریا سڵاو و ڕێزی ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسایان به‌ نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یاند و دووباره‌ پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونیان وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێكرد و به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسایان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆک ماكرۆنی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌تایبه‌‌تی له‌ قۆناغه‌ سه‌خته‌كاندا و جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.

تاوتوێ كردنی دۆخی سووریا و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئه‌و وڵاته‌، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری، فه‌راهه‌م كردنی ئاشتی، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64763

Your Comment

You are replying to: .
captcha