کوردپرێس:
یاسر خه‌میس سه‌رۆکی تیمی تایبه‌تمه‌ند به هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان و ئه‌ندامی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ئاشکرای کرد که له "سه‌ربازگه‌ی ته‌ڵائع"ی نزیک شاری ڕه‌قه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵیان دۆزیوه‌ته‌وه که 200 ته‌رمی تێدایه و له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌که چه‌ندین تاوانی جۆراجۆری داعشیشیان بۆ ئاشکرا بووه.
ناوبراو زیادی کرد: پێنج له ته‌رمه‌کان جلوبه‌رگی پرته‌قاڵییان له به‌ردا بووه و ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بارمته بوون و دواتر گوله‌باران کراون و به‌پێی لێکۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کان دوو ساڵ پێش ئێستا کوژراون.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: هه‌روه‌ها ته‌رمی ژماره‌یێک له قوربانییه‌کان ژنن و دیاره به ڕه‌جمکردن کوژراون چونکه زۆربه‌ی ئێسکی سه‌ر و لاشه‌یان شکاوه.
یاسر خه‌میس زیادیشی کرد: کارکردن له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان به‌رده‌وامه که له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش له ڕه‌قه بۆ قوربانییه‌کان هه‌ڵکه‌ندراون و پێشبینی ده‌که‌ن ژماره‌ی قوربانییه‌کان زیاتر بن.
شایانی باسه؛ پێشتریش له نزیک شاری ڕه‌قه گۆڕێکی دیکه‌ی به‌کۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه که ته‌رمی 3500 قوربانیی تێدابوو که له‌سه‌ر ده‌ستی داعش کوژرابوون.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی هاوارنیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment