گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵ له‌ ڕه‌قه‌ دۆزرایه‌وه‌

به‌شی سووریا- گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵ له‌ "سه‌ربازگه‌ی ته‌ڵائع"ی نزیک شاری ڕه‌قه‌ی سووریا هه‌ڵدرایه‌وه‌ که‌ ئێسکوپرووسکی 200 قوربانیی تێدایه‌ که‌ به‌شێکیان گوله‌باران کراون و پێده‌چێت له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ کوژرابێتن.

کوردپرێس:

یاسر خه‌میس سه‌رۆکی تیمی تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و ئه‌ندامی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ئاشکرای کرد که له‌ "سه‌ربازگه‌ی ته‌ڵائع"ی نزیک شاری ڕه‌قه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ 200 ته‌رمی تێدایه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌که‌ چه‌ندین تاوانی جۆراجۆری داعشیشیان بۆ ئاشکرا بووه‌.

ناوبراو زیادی کرد: پێنج له‌ ته‌رمه‌کان جلوبه‌رگی پرته‌قاڵییان له‌ به‌ردا بووه‌ و ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بارمته‌ بوون و دواتر گوله‌باران کراون و به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان دوو ساڵ پێش ئێستا کوژراون.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌روه‌ها ته‌رمی ژماره‌یێک له‌ قوربانییه‌کان ژنن و دیاره‌ به‌ ڕه‌جمکردن کوژراون چونکه‌ زۆربه‌ی ئێسکی سه‌ر و لاشه‌یان شکاوه‌.

یاسر خه‌میس زیادیشی کرد: کارکردن له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان به‌رده‌وامه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ ڕه‌قه‌ بۆ قوربانییه‌کان هه‌ڵکه‌ندراون و پێشبینی ده‌که‌ن ژماره‌ی قوربانییه‌کان زیاتر بن.

شایانی باسه‌؛ پێشتریش له‌ نزیک شاری ڕه‌قه‌ گۆڕێکی دیکه‌ی به‌کۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه‌ که‌ ته‌رمی 3500 قوربانیی تێدابوو که‌ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش کوژرابوون.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64755

Your Comment

You are replying to: .
captcha