چوار چه‌کداری داعش له‌ نه‌ینه‌وا کوژران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق باسی له‌وه‌ کرد که هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ توونێلێکی داعشیان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و چوار چه‌کداریان کوشتووه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 30ی حوزه‌یرانی 2019 شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ زانیارییان پێ گه‌یشتووه‌ له‌سه‌ر بوونی چوار چه‌کداری داعش له‌ توونێلێکدا له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌که‌، توونێله‌که‌ له‌ ناوچه‌ی "عین جه‌حش"ی پارێزگای نه‌ینه‌وادا بووه‌ و ئه‌و چه‌کدارانه‌ خۆیان تێدا حه‌شار داوه‌.

وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێ کراوه‌، دوای دیاری کردنی شوێنی ئه‌و چه‌کدارانه‌ به‌ شێوه‌یێکی ورد فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی نه‌ینه‌وا هه‌ماهه‌نگی کردووه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و شوێنه‌که‌ له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی ئه‌مریکاوه‌ بۆردومان کراوه‌ و هه‌ر چوار چه‌کداره‌که‌ کوژراون و توونێله‌که‌ش خاپوور بووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ ماوه‌یێکه‌ لێره‌ و له‌وێ چه‌کدارانی داعش به‌ ژماره‌ی که‌م خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و تا ئێستا له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی پارێزگای نه‌ینه‌وا و چه‌ند ناوچه‌یێکی باشووری که‌رکووک و پارێزگای دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددین هێرش و پێکدادانی چه‌کداری له‌ نێوان سوپای عێراق و چه‌کدارانی داعش ڕووی داوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64672

Your Comment

You are replying to: .
captcha