کوردپرێس:
مەسەلەی کورد لە تورکیا بەردەوام یەک لە چەمکە جێ موناقەشەکان لە دەسەڵاتی سیاسیدا بووە. بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا کە عەبدوڵا ئوجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK گۆشەگیریی خرابوویە سەر و ڕێگە بە پارێزەران و بنەماڵەکەی نەدەدرا دیداری لەگەڵ بکەن. هەروەهاش لەم چەند ساڵەدا بەندکردنی ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و هەروەها هاوسەرۆکەکانی ئەو پارتە و سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ڕەهای حوکمڕانی لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لە کوردستانی سووریا و باکووری عێراق وای کردووە ڕەخنەی زۆر لە حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا بگیرێت.
کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە هەموو قەبارە و لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە دەنگی هاووڵاتییان بە هەموو تەشک و چین و توێژەکانەوە دەبێت و هەر قەبارەیێکی سیاسی بتوانێت دڵی زۆرینەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بهێنێتە جێ ژمارەی دەنگەکانی بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ دەبێت.
لە تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنی 31ی ئایاری شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە شۆکێکی لە پارتی دادوگەشە دا. ئاکپارتی شارەوانیی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی دۆڕاند. بەوەش دەرکەوت چیتر بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی تورکیا حەز بە دەسەڵاتی ڕەهای یەک کەسایەتی یان حیزبی ئۆتۆریتەیی ناکەن و ئەو مۆدیلەی سیاسەت کردن چیتر سەرکەوتوو نابێت.
لە ئەستەنبوڵ ژمارەیێکی زۆر کوردی تورکیا نیشتەجێن و بێگومان دەوری سەرەکی و تایبەتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەگێڕن. هەدەپە وەک پارتی نوێنەری کورد لەو شارەدا کاندیدی دیاری نەکرد و ڕایگەیاند پشتگیریی جەهەپە دەکات.
ئەگەرچی هاوپەیمانێتی لەگەڵ جەهەپەش تا ئێستا دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ کوردی تورکیا نەبووە بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە زەنگی مەترسی بوو بۆ حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا کە حیزبەکەی ئەردۆغانە.
ئاکپارتی بە دەسەڵات و بە گوشاری خۆی، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی ناچار کرد هەڵبژاردنەکان لە ئەستەنبوڵ دووپات بکاتەوە. پاش ئەوەی بڕیاری دووپاتبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ دەرکرا ئاکپارتی قەوانە شڕی خستە کار و هەوڵی دا دڵی کورد بهێنێتە جی.
گۆشەگریی سەر عەبدوڵا ئوجەلان هەڵگیرا و پارێزەرەکانی دیداریان لەگەڵ کرد. ئەستۆپاکیی لەیلا گیوڤەن ڕاگەیێندرا و پاش زیاتر لە 4 مانگ مانگرتن ئازاد کرا. عەبدوڵڵا ئوجەلان دوو پەیامی گرینگی دەرکرد. دەنگۆی ئازادکردنی دەمیرتاش بڵاو بوویەوە و لە هەموویان گرینگتر ئەوە بوو ئوجەلان یەک ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ پەیامێکی دەرکرد و داوای لە کوردەکان کرد پشتگیریی هیچ لایەنێک نەکەن.
کوردی قسە کردنی کاندیدی ئاکپارتی و بەکارهێنانی وشەی کوردستان و قسەکردنی عوسمان ئوجەلان برای عەبدوڵا ئوجەلان لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی TRT و ناوبردنی عەبدوڵا ئوجەلان وەک کەسایەتییێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو ئەمانە زۆر دەستکرد و بێجێگە دەردەکەوت و دیار بوو هەموو ئەمانە هەوڵێکن بۆ ڕازی کردنی کوردەکان بەو هیوایەی لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگ بە حیزبەکەی ئەردۆغان بدەن یان لانی کەم دەنگ بە کاندیدەکەی جەهەپە نەدەن. بەڵام نە کورد بە گوێی ئوجەلانی کرد و نە مەبەستەکەی ئەردۆغانیش هاتە دی. لە ئەنجامدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی بەندکراوی هەدەپە پاش پەپامەکەی ئوجەلان ڕایگەیاند کورد سیاسەتی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ناگۆڕێت. ئەمەش سەرەتای شکستێکی گەورە بوو بۆ دەسەڵاتی ڕەها لە تورکیا. کورد بەو هەڵوێستەی خۆی سەلماندی فێری سیاسەت کردن بووە و ئیتر ئەو کاتە بەسەر چوو کە بە وادە و بەڵێنی سەر خەرمان بخەڵتێت.
ئەمانەش وای کرد ئاکپارتی بچێتەوە سەر هێڵەکەی جاران و عەبدوڵا ئوجەلان بکاتەوە بە سەرکردەی تیرۆریستان و کوردستان بباتەوە باکووری عێراق و حاشا لە کوردی قسەکردن بکات و وتاری ئەو حیزبە بەرانبەر بە کورد بگۆڕدرێتەوە بۆ وتارەکەی پێشووتر و زمانە نەرمەکەی ئەو حیزبە بەرانبەر بە کورد ببێتەوە بە زمانی هەڕەشە و ژایەتیی تیرۆر و ...
تەنیا سێ ڕۆژ بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ئەستەنبوڵ و شکستهێنانی ئاکپارتی تێدەپەڕی کە بنەماڵەی عەبدوڵا ئوجەلان داوای بینین ناوبراویان کرد و داواکەیان ڕەت کرایەوە.
ئەم سیاسەتە دووفاقییەی ئاکپارتی خنجێرێکی دوو سەرە کە بێگومان زەبری قورس لە خودی ئەو حیزبەش دەدات و ئەو شکستەی بەبۆنەی وشیاریی هەدەپەوە بەسەر ئاکپارتیدا سەپا سەڵماندی کە دەبێت ئەو حیزبە لەبارەی داهاتووی سیاسیی خۆیەوە نیگەران بێت. چوونکە ئێستا کوردیشی لە دەست دا و پێگەی جەماوەریی حیزبەکەی لە نێو هەندێکی دیکەش لە پێکهاتەکانی تورکیا کز بووە. کورد گوتەنی ئێستا چیرۆکی ئاکپارتی و ئەردۆغان بۆتە چیرۆکی ئەو کوردە کە لە جەژنەکەی هەردوو لا بوو.
Your Comment