کوردپرێس:
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 2019/6/29 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆ بوونەوە و تیایدا جەختیان كردەوە كە دەبێت چەک تەنھا بەدەست دەوڵەت بمێنێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی ئامادەیبون، گفتوگۆکرا لە بارەی ھەموارکردنەوە مادەی(58)ی بودجەی گشتی، ھاوکات بڕیار درا کە کاتی پێویست بدرێت بە حکوومەت تا 2019/10/24 (بەرواری کۆتایی ھاتنی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکوومەتدا) لە پێناو ھەڵبژاردنی باشترین کەسایەتی بۆ بەڕێوەبردنی دامەزاراوەکانی دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە دۆسێی بەوەکالەت و پشتیوانی لە حوکومەت بۆ ھەڵبژاردنی باشترین بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان بەپێی بنەمای توانا و دەستپاکی و دور لە پشک پشکینە، بۆ بەدیھێنانی ھاوسەنگیی نیشتمانی".
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە بەڵگەنامەی چوارچێوەی نیشتمانی بۆ سیاسەتی یەکگرتوی عێراق کرد و دووپاتیشیان لە پێویستیی ھێشتنەوەی چەک تەنھا بەدەستی حکوومەتەوە کردەوە، ھاوکات ئاماژەیشیان بەکارکردن بۆ بەھێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر لایەنێک کردەوە کە ھەوڵی تێوەگلانی عێراق بدات لەململانێ و گرژییە دەرەکییەکاندا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە پێویستی دروستکردنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و جیھان کرا بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنکی پارێزگاری لە نێردە دیبلۆماسییەکان لە عێراقدا کرایەوە، لەگەڵ گرتنەبەری ھەمو ڕێکارە یاساییەکان بۆ سزادانی ئەوانەی کە دەیانەوێت گەمە بە ئاسایش و سەلامەتی ئەو نێردە دیبلۆماسییانە لە عێراقدا بکەن.
Your Comment