کوردپرێس: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە لە چیای كورتەک-ی بناری قەندیل كە تێیدا دو ئۆتۆمبێلی مەدەنی كراونەتە ئامانج، چوار هاوڵاتی سڤیل کوژران و پێنجی دیكەش بریندار بوون.
دوای ئەو بۆردوومانە كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیێكدا كە وێنەیێكی بۆ ماڵپەڕی ئاوێنە نێردراوە رایگەیاند "ئەمڕۆ بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆ سەر ناوچەكانی نیشتەجێبوون لەناوچە سنوورییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر، چوار هاوڵاتی کوژران و پێنجی دیكەش برینداربوون كە هەموویان هاوڵاتی بێ چەک و لە دانیشتوانی ناوچەكەن".
كاوە محەمەد وێڕای بەتوندی ئیدانەكردنی پێشێل كردنی بەردەوامی سەروەری عێراق و ئەو بۆردوومان هەڕەمەكیانە بۆ سەر چەند ناوچەیێكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ بەرەنگارییێكی حكوومەتی ئیتیحادی و حكوومەتی هەرێم، جەختی كردۆتەوە كە پێویستە ئەو دەستوەردانانەی حكوومەتی توركیا كە رۆژانە دەیانكاتە سەر خاكی عێراق رابگیرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای لە حكوومەتی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت سێ سەرۆكایەتییەكە كردووە، هەڵوێستی جددی و توندیان هەبێت بەرامبەر بە بۆردومان كردنی گوند و ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی عێراق و بەرگری لەو هاوڵاتییە بێ چەكانە بكەن كە شایستەی ژیانێكی ئارام و شكۆمەندانەن نەک ئەوەی رۆژانە لەژێر رەحمی ئاگردا بژین.
هەروەک داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی داكۆكیكاری لە مافەكانی مرۆڤ كردووە كە رۆڵیان هەبێت لە راگرتنی هێرشە چەندبارەكانی فڕۆكەكانی توركیا و دانانی سنوورێک بۆ کوشتن و ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment