بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی سەردانی ئۆجەلان دەکەن دیاری کراون و بە ئاگاداریی میت سەردانەکە ئەنجام دەدەن.
پێش ھەڵبژاردنەوەی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، عەلی کەمال ئۆزجان لە دوورگەی ئیمرالی چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوت و دواتر رایگەیاند کە ئۆجەلان داوای لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کردووە لەنێوان هەردوو کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەبێ لایەنی بمێننەوە.
لە کاتی ھەڵبژاردنەکە، كەناڵی فەرمی دەوڵەتی توركیا (TRT) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ عوسمان ئۆجەلانی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دا، دواتر جەھەپە رەخنەی لەو چاوپێکەوتنە گرت و رایگەیاند ئەگەر عوسمان ئۆجەلان خراوەتە ناو لیستی سوور و بە تیرۆرست ناسێنراوە، چۆن لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەكرێت؟
رەجەب تەییب ئەردۆغان وەڵامی جەھەپەی دایەوە و رایگهیاند: "نازانم كه عوسمان ئۆجەلان لە لیستی داواکراندا لە لیستی سوور دایە. ئهگهر له تهرهته كوردی پرۆگرامی كردبێت، ئهمه هاوڕێیانمان له تهرهته دهیزانن، من متمانهم پێیان ههیه".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا لە ئەفریقیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تۆمەتی "خیانەتکردن لە تورکیا" سزای زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر حوکمەکە بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا و لە دوورگەی ئیمڕاڵی لە ئاوەکانی دەریای مەڕمەڕە، زیندانی كرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment