کوردپرێس:
ڕووسیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای کۆمپانیای ڕۆسنەفتەوە چەند گرێبەستی گەورەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە کە بەهای گرێبەستەکان دەگاتە 2 ملیار دۆلار و زیاتریش.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڕۆسنەفت کەسێکی نزیک لە پووتنە و ئێستا 50 لە سەدی پشکی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا بە دەست ڕۆسنەفتەوەیە. کۆمپانیاکە هەروەهاش لە بواری هێڵی بۆریی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا و ئەرووپاش سەرمایەی داناوە و هاوکات سەرقاڵە بە دەرهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق.
گۆڤاری نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا باسی ئەوەی کردووە ولادیمیێر پووتن سەرۆکی ڕووسیا حەز بە نفووز و دەسەڵاتی زیاتر لە جیهان دەکات و ڕۆسنەفتی کردۆتە ئامێرێک بۆ ئەو مەبەستە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز چالاکییەکانی ڕۆسنەفت لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان مەبەست کراوە و ڕووسیا دەیەوێت خۆی وەک زلهێزێک لە جیهان بنوێنێت.
نیۆیۆرک تایمز لەبارەی پێداگریی پووتن لەپێناو زیادکردنی نفووزی ڕووسیا بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان نووسیویەتی ڕووسیا لە عێراق سەنتەری ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و سەربازیی کردۆتەوە و گرێبەستی سەربازیی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق واژۆ کردووە و هەوڵی داوە بە سەرمایەدانان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق هێڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان قۆرخ بکات.
نیۆیۆرک تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە کە پشتیگرییەکانی ئەمریکا بۆ کوردی سووریا، تورکیای تووڕە کردووە.
ئەو گۆڤارە هەروەهاش نووسیویەتی ئەوەی کە تورکیا ڕووی کردۆتە ڕووسیا بە قازانجی سیاسەتەکانی مۆسکۆیە چوونکە پشتگیری کردنی ئەمریکا لە کوردی سووریا وای کردووە تورکیا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە و بکەوێتە میحوەری ڕووسیا و مۆسکۆش ئەوەی پێ خۆشە و پشتگیریی بەرژەوەندیی تورکیا لە سووریا دەکات.
Your Comment