کوردپرێس:
رۆژی دووشه‌ممه 24ی 6ی 2019 له سه‌لاحه‌دین مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک له کچ و ژنانی ئێزدیی ڕزگارکراوی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش كۆ بووه‌وه.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا مه‌سعوود بارزانی وێڕای به‌خێرهێنانی کچ و ژنانی ئێزدیی ڕزگارکراوی ده‌ستی داعش ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی به سه‌ر خوشک و برایانی ئێزدی‌دا هات درێژه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه بوو که پێشتر به سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هاتوون، له ئه‌نفال و زینده‌به‌گۆڕکردنی 182 هه‌زار ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گه‌نجی گه‌له‌که‌مان و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌کانی‌تری کوردستان و بێسه‌روشوێن کردنی 12 هه‌زار گه‌نجی فه‌یلی و 8 هه‌زار بارزانی و ده‌یان هه‌وڵی دیکه بۆ له‌ناوبردنی گه‌له‌که‌مان، ئه‌و کاره‌ساته‌ی به سه‌ر ئێوه‌ش هات ته‌واوی برینه‌کانی پێشووی جه‌سته‌ی گه‌له‌که‌مانی هێنایه‌وه ژان.
مه‌سعوود بارزانی گوتیشی: زۆر باش له ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی ئێوه تێده‌گه‌م و جارێکی دیکه‌ش ته‌ئکید ده‌که‌مه‌وه ئێوه هێمای شه‌ره‌فی گه‌له‌که‌مان و ئازیزی ئێمه‌ن. تیرۆریستان به‌و ڕه‌فتاره نامه‌ردانه‌یان به‌رانبه‌ر ئێوه هه‌م دڕنده‌یی خۆیان پێشان دا و هه‌م مه‌زڵوومییه‌تی ئێوه‌یان سه‌لماند به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هێزه‌کانی پێشمه‌رگه به گیانفیدایی و زۆر مه‌ردانه تۆڵه‌ی ئێوه‌یان کرده‌وه و تیرۆریستان تێکشکان و که‌وتنه ژێر پێی ئێوه.
سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختیشی کرده‌وه که له ڕێگای په‌رله‌مانی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌رچی پێویسته بۆ ئێوه بکرێت تا ژیانێکی ئاسایی بژین.
مه‌سعوود بارزانی زیادی کرد: نابێ دۆخی ئێستای شنگال وا بمێنێته‌وه و پێویسته ئیداره‌ی شنگال له ده‌ستی خه‌ڵکی شنگالدا بێت و ئاواره‌کان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ریه‌ک له سکرتێری یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری کوردانی ئێزدی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی هه‌رێمی کوردستان و به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕفێنڕاوانی كوردانی ئێزدی له پارێزگای دهۆک و هه‌دییه موراد په‌رله‌مانتاری ئێزدی له په‌رله‌مانی کوردستان کورته‌یێکیان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کان بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی له ده‌ست تیرۆریستانی داعش و ڕه‌وشی ئێستای ژیانی ئه‌و ڕزگارکراوانه و هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ژیانێکی ئاسایی خسته‌ڕوو.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پێشکه‌ش کران، له کۆی 6417 که‌س که له سه‌ره‌تای په‌لاماری تیرۆریستان بۆ سه‌ر ده‌ڤه‌ری شنگال که‌وتبوونه ده‌ست داعش 3476 که‌سیان ڕزگار کراون و تا ئێستاش 2941 که‌س بێسه‌روشوێنن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو که دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نووسینگه‌یێکی تایبه‌تی بۆ به‌دواداچوون و ئازادکردنی ئێزدییه‌کانی ده‌ستی داعش دامه‌زراند، له کۆی 3548 کچ و ژنی ئێزدی که له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه ڕفێندرابوون تا ئێستا تواندراوه 1184 که‌سیان ڕزگار بکرێن و هه‌وڵه‌کانیش بۆ دۆزینه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانی‌تر به‌رده‌وامه و باسی ته‌واوی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش کرا که دێته‌ڕێیان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment