کوردپرێس:
عەدنان بەرزنجی بەرپرسی نووسینگەی کۆنفڕانسی ناودارانی کورد ڕایگەیاند هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسەکە کراوە و مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفڕانسەش ناساندنی ناوداران و کەسایەتییە خاوەن فەخامەتەکانی بواری فەرهەنگ و هونەری کوردییە لە سەرتاسەری جیهان.
مامۆستا بەرزنجی هیوای ئەوەشی خواست کۆنفڕانسی ناودارانی کورد ببێتە سەرەتای هەڵمەتێکی فەرهەنگیی گەورەتر لە خولەکانی داهاتوودا.
ناوبراو ئاماژەی بە کۆنفڕانسەکەی فەرزانەکانی کوردیش کرد و گوتیشی جیاوازیی ئەو دوو کۆنفڕانسە ئەوەیە لە کۆنفڕانسی ناودارانی کورددا ڕێز لە کەڵەپیاوە زیندووەکانی کورد و کوردناسانی هەموو جیهان ئەگیرێت. ئەوەش تا ئەم کاتە نەکراوە و هەنگاوێکی شایستەیە.
ئەو هەڵسووڕاوە مەدەنییە گوتیشی: لەم کۆنفڕانسەدا هەوڵ دراوە لە هەرکوێیێک کوردێک لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی و ڕەخساندنی هەلی کار و بواری وەرزشی و زانستی و هەر بوارێکی دیکە ناوی دەرکردووە بناسرێت و بەو مەبەستەش لیژنەی زانستیی کۆنفڕانسەکە کراوە بە 6 بەشەوە و لە هەر بەشێکدا ڕای مامۆستایانی زانکۆ و لێهاتووان و خاوەنبیرانی تایبەتی ئەو بەشە وەرگیراوە.
بەرزنجی زیادی کرد: ئەرکی لیژنەی زانستیی کزنفڕانسەکە کەوتۆتە ئەستۆی زانکۆی کوردستان کە خۆی کراوە بە چەند بەشەوە لە دەستەی هونەری و بەشی زمان و ئەدەب و زانستی پایە و بەشی ئەندازیاری و بەشی وەرزێری و بەشی پزیشکی و پزیشکی نەریتی.
بەرزنجی لە کۆتاییدا گوتیشی کۆمەڵێک بەرنامەی فەرهەنگیی دیکەش لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا بەڕێوە دەچن. بۆ نموونە پێشانگای خۆشنووسی و خەتی بەرهەمی مامۆستا خۆشنووسەکانی ئێران، پێشانگای کتێب و پێشانگای پیشە دەستییەکان و کردنەوەی پارکی ناودارانی کورد و چەندین شەوە شێعر و کونسێرتی مۆسیقا و ...
شایانی باسە کۆنفڕانسی ناودارانی کورد لە دوو ڕۆژی 11 و 12ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 2 و 3ی تەمووزی 2019 لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
Your Comment