کورد ئەگەرچی دەرکی بە وەزعەکەی ئوجەلان کرد به‌ڵام ده‌نگی به‌ کاندیده‌که‌ی ئه‌ردۆغان نه‌دا

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- پرۆفیسۆر ئیبراهیم سیرکچی به‌ کوردپرێسی وت: زۆربه‌ی هاووڵاتییانی کوردی تورکیا ده‌رکیان بەو دۆخە کرد کە عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی تێدایە و بە حوکمی ئەو دۆخەوە داوای لێ کردبوون له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌سته‌نبۆڵدا بێلایه‌ن بن به‌ڵام بەوەشەوە کورده‌کان ده‌نگیان به‌ کاندیده‌که‌ی ئه‌ردۆغان نه‌دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوبارەبوونەوەی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌ڤه‌ گرنگه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بوو که‌ لە ئەنجامی ناڕه‌زاییی پارتی داد و گه‌شه‌ی سه‌ر به‌ ئه‌ردۆغان دوبارە کرایەوە. ئه‌ردۆغان هیوای بەوە بوو پشت به‌ کورد و ئۆجه‌لان ببه‌ستێت و ئه‌م جاره‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بگۆڕێت و له‌جیاتی کاندیده‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، بینالی یێڵدرمی نوێنه‌ری ئەردۆغان ببێتە شارەوانی ئەستەنبوڵ.

به‌ڵام لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی گه‌لان پشتیوانیی له‌ کاندیده‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌کرد و هەر ئەوەش ئه‌نجامی هەڵبژاردنەکەی گۆڕی و پێشبینییەکەی ئەردۆغان ڕاست دەرنەچوو و جارێکی‌تر سه‌لمێندرا که‌ کورد ده‌وری سه‌ره‌کی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا ده‌گێڕێت. له‌م نێوانه‌دا ئەوەی بووە هۆی سه‌رسۆڕمانی هه‌موان بوو داواکاریی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری بەندکراوی په‌که‌که‌ بوو کە داوای لە کورد کردبوو له‌ هه‌ڵبژاردنەکەدا بێلایەن بن ماناکه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ کاندیده‌که‌ی ئه‌ردۆغان ناده‌ن پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆنیش مه‌که‌ن.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی گرنگایه‌تیی بابه‌ته‌که‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر ئیبراهیم سیرکچی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ڕیجنتی به‌ریتانیا ئه‌نجام داوه‌.

پڕۆفیسۆر سیرکچی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ پرسیارێکی کوردپرێس له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ بۆچی ئۆجه‌لان داوای له‌ کورد کرد که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵدا بێلایه‌ن بن گوتی: له‌ ڕاستیدا هیچ که‌س دڵنیا نییه‌ که‌ مه‌به‌ستی ئۆجه‌لان ئه‌مه‌ بووه‌ که‌ ده‌بێ کورد دووره‌په‌رێزی له‌ ده‌نگدان به‌ ئۆپۆزیسیۆن بکات به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و کاره‌یان نه‌کردبێت. ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئۆجه‌لان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ داوای شتێکی له‌ پارتی داد و گه‌شه‌ کردووه‌ به‌ڵام پێده‌چێت به‌و شێوازه‌ نه‌بووه‌.

شتێک که‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ده‌نگی کورد کارتێکه‌رییێکی به‌رچاوی له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتنی کاندیده‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن و به‌تایبه‌ت پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (جه‌هه‌په‌) بووه‌. له‌مباره‌وه‌ کوردپرێس پرسیاری له‌ پڕۆفیسۆر ئیبراهیم سیرکچی کرد که‌ ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و حیزبی کۆماریخوازی گه‌ل له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌توانن چ کارێک بۆ کورده‌کانی تورکیا ئه‌نجام بده‌ن که‌ له‌ وه‌ڵامدا زیادی کرد: من پێم وایه‌ که‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زه‌مینه‌ی دیالۆگی نێوان هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ی فه‌راهه‌م کرد و ئێستاکه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ ئاسانتر ده‌توانن به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ن به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ هیچ که‌س نابێت چاوه‌ڕوان بێت موعجیزه‌ ڕوو بدات. شه‌ڕی تورکیا زۆری خایاندووه‌ و جێگیربوونی ئاشتی له‌و وڵاته‌ ماوه‌یێکی زیاتر ده‌خایێنێت.

مامۆستای زانکۆی ڕیجنتی به‌ریتانیا ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی کورد و ته‌نانه‌ت عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ بردنه‌وه‌ی پۆستی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵی تورکیا گوتیشی: ئه‌ردۆغان هه‌ر شتێکی بۆ سه‌رکه‌وتن به‌کار هێنا به‌ڵام جووڵه‌ی کورد به‌ ئاڕاسته‌ی سیاسه‌ته‌کانی پارتی داد و گه‌شه‌ نه‌بوو و ئه‌م سیاسه‌ته‌ش به‌ لای ئه‌و حیزبه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو. زۆربه‌ی کورده‌کان ئاگایان له‌ دۆخی ئۆجه‌لان هه‌یه‌ و ئه‌و دۆخه‌ ده‌رک ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌میرتاشیان خۆش ده‌وێت و ئاوڕ له‌ سیاسه‌ت و یارییه‌کانی لایه‌نی سێهه‌م ناده‌نه‌وه‌.

پرسیارێک له‌ پڕۆفیسۆر سیرکچی کرا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک ده‌نگوباس له‌ تورکیا هه‌یه‌ ده‌ڵێین هه‌ر که‌س ببێته‌ شاره‌وانی ئه‌سته‌نبۆڵ سه‌رۆک کۆمار یان سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتووی تورکیا ده‌بێت، ئایا ئه‌کره‌م ئیمامئۆغڵۆ سه‌رۆک کۆماری داهاتووی تورکیا ده‌بێت؟ ناوبراو له‌ وه‌ڵامدا زیادی کرد: ئیمامئۆغڵۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ده‌ستهێنانی باڵاترین پۆستی تورکیا ئاره‌زووی هه‌ر که‌سێکه‌. ناوبراو له‌مپه‌ره‌کانی لابرد و باڵاترین پۆستی داهاتووی تورکیا وه‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئیمامئۆغڵۆ لایه‌نی سه‌ره‌کیی تورکیای ڕاکێشا و ئه‌مه‌ش بابه‌تێکه‌ که‌ بۆ سه‌رکه‌وتن پێویسته‌.

دوکتۆر سیرکچی سه‌باره‌ت به‌ پاشهاته‌کانی شکستی ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵدا ڕاشی‌گه‌یاند: گه‌وره‌ترین پاشهاته‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ست‌پێکردنی بوێرییه‌. خه‌ڵک هه‌ست ده‌که‌ن که‌ چیتر ناچار نیین هه‌ندێک کار ئه‌نجام بده‌ن. پێده‌چێت حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بڕووخێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ که‌ تورکیا مومکینه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا سیاسه‌تێکی گه‌شه‌خوازانه‌ بگرێته‌به‌ر.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64561

Your Comment

You are replying to: .
captcha