بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە دیمانەیەکدا کە لە رێگەی پارێزەرەکانیەوە بە نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە، رایگەیاند: "هەدەپە درێژکراوە و گوتەبێژ و لایەنگری پەکەکە نییە؛ تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە؛ پێویستە ئەم راستییە بۆ رای گشتی تورکیا باس بکەین. حیزبێک سیاسەتی دیموکراسی بەڕێوە ببات، ناتوانێت سەر بە رێکخراوێکی چەکداری بێت".
سەلاحەدین دەمیرتاش کە زیاتر لە پێنج ساڵ و نیوە لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەوڵی داخستنی پارتەکەی دەدرێت، گوتی: "ئەگەر بکرێ، پێم خۆشە پەکەکە بە تەواوی چەک دژی تورکیا بێدەنگ بکات، بەڵام بەداخەوە دوو بەربەستی سەرەکی هەن.
یەکەم: حکوومەت جگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هیچ بژاردەیەک ناخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، گفتوگۆ ناکات و پێداگری لەسەر بەکارهێنانی چەک دەکات. لێرەشدا رێگری دووەم سەرهەڵدەدات، ئەویش گۆشەگیری ئیمرالییە، چوونکە ئەو کەسەی کە دەتوانێت پەکەکە رازی بکات ئۆجەلانە و ساڵانێکە لە گۆشەگیرییدا دەیهێڵنەوە. سەرباری ئەم بەربەستانە، دڵخۆش دەبم ئەگەر پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ بکات. بەداخەوە، ئەزموونی ئێمە دەریخستووە کە ئەمە ئاسان نییە."
دەمیرتاش دەڵێ: "هەدەپە حیزبی تورکیایە، چوونکە تورکیا لە یەک ناسنامەی نەتەوەیی و یەک بیروباوەڕ پێکنەهاتووە. لەم رووەوە هەدەپە لە رووی نوێنەرایەتییەوە هەموو توێژەکانی تورکیا دەگرێتەوە. ئەو حیزبە رەگەزپەرستانەی کە لە تورکیادا نکۆڵی لە ناسنامە و بیروباوەڕی جیاواز دەکەن، خۆیان بە حیزبی تورکیا پێناسە دەکەن و کەسیش لەوەدا کێشە نابینێت. بۆیە ئەوانەی لە بنەڕەتدا حیزبی سەرەکی تورکیا نین، حیزبە راستڕەوەکانی ناسیۆنالیست و رەگەزپەرستن."
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەبارەی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی داهاتوودا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت دەڵێ: "هاوسەرۆکەکانمان چەندینجار پەیامیان داوە کە ئێمە بۆ بیرۆکەی بەربژێری هاوبەش کراوەین.. ئەمە سیاسەتی فەرمیی حیزبەکەمانە و تا دوایین سات پێداگری لەسەر بەربژێری هاوبەش دەکەین، ئەگەرنا هەدەپە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. بێجگە لەوە دەتوانین چی بکەین؟"
دەمیرتاش دەڵێ: "ئامادەم لەو چوارچێوەیەدا کە باسم کرد خۆم بەربژێر بکەم. با دەسەڵات بیربکاتەوە؛ لە ئەمڕۆوە ئەگەر ئەردۆغان بتوانێت بەربژێر بێت، منیش لە رووی یاساییەوە دەتوانم بەربژێربم، بەڵام لە چوارچێوەی بۆچوونی گەلەکەمان حیزبەکەمان بڕیارەکە دەدات".
دەمیرتاش گوتی، "رۆیشتنی ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیموکراسی ناهێنێت. سیاسەتی رێگەی سێیەممان ئەوە. ئێمە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ئاکپارتی و ئەردۆغان یان لایەنگری شەش مێز سیاسەت ناکەین. سەرنجمان لەسەر پەرەپێدانە بە دیموکراسییەکی ریشەدار."
Your Comment