لەشەقامی فەلاحی شاری بەغداد نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەبەشداریی نوێژخوێنێکی زۆر، نوێژی هەینی یەکگرتوویی دەستیپێکرد و محموود ئەلجیاشی وتارخوێنی نوێژی هەینی یەکگرتوویی لە وتارێکیدا بە نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر رایگەیاند: "ئێمە لە دوڕیانێکی ترسناکداین، داوا لە فراکسیۆنە سیاسییەکان بە تایبەت شیعەکان دەکەم، تەوبە بکەن و داوا لێخۆشبون لە خودا بکەن و گەندەڵکاران سزا بدەن".
ئاماژەی بەوەش کرد: "مەرجەعیەت دەرگاکەی خۆی داخستوە لەبەردەم سیاسەتوانان بەبێ جیاوازی، بۆیە داوایان لێدەکەم لەبەردەم مەرجەعیەت داوای لێخۆشبون بکەن".
سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، رایگەیاند: "عێراق سەرزەمینی ئیمام عەلییە، ناکرێت حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت، بەبێ رێکخستنی گروپە چەکدارەکان بەبێ نەهێڵانی چەکی هەڕەمەکی، هەروەها دەبێت ئەو کەسەی حکوومەت پێکدەهێنێت دەبێت داگیرکەران بەرێگەی دیپلۆماسی بکەنە دەرەوە".
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا کە بە نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر پێشکەشی کرد ئەلجەیاشی وتی، "خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان نەبونایە، هەرگیز حەشدی شەعبی نەیدەتوانی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بۆیە نابێت منەتیان بەسەردا بکرێت، دەبێت خزمەتیان بکرێت و ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانی خۆیان".
سەدر هەروەها داوایکرد حەشدی شەعبی لە دەستوەردانى دەرەکى دووربخرێتەوە، لە جەنگى تائیفی دەرەکى تێوەنەگلێندرێت و لە بازرگانی کردن دووربخرێتەوە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، دەبێت حەشدی شەعبی دووبارە رێکبخرێتەوە ئەوانەى نا رێکخراون بکرێنە دەرەوە.
هاوکات لەبەشێکی دیکەی وتارەکەدا رایگەیاند "تاقیکراوەکان نابێت تاقیبکرێنەوە، ئێمە نامانەوێت کارەساتی سپایکەر و سەقڵاوییە و فرۆشتنی خاکی عێراق دوبارە ببنەوە، دەمانەوێت حکوومەتێک دروست بکرێت هی هەمو گەلی عێراق بێت".
Your Comment