وتەکانی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لەبارەی هەڵویستەکانی تاران سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەردانی ئێرانی کرد و لە کاتی ئەنجامدانی ئەم گفتووگۆیەدا لەگەڵی، هەر لەو وڵاتەبوو، هۆکاری سەردانەکەی و ناوەڕۆکی یەکتربینینەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا دەخاتەڕوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە لەم دواییانەدا سەردانی ئێرانی کردووە، لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانیانی لەبارەی سەردانەکەوە دایەوە.

فشاری هێزە شیعەکان و هەڵوێستی ئێران

محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە هەریەک لە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی بینیووە، لەبارەی ڕای ئێرانیەکان لەسەر مووشەک بارانکردنی هەولێر و فشاری هێزە شیعەکان بۆ سەر هەرێم، وتی: "ئێرانیەکان ڕەنگە ئاگاداری فشارەکان بن، ئەوان بێ ئاگا نیین لە ڕووداوەکان، چونکە ئێران حوکمی چەندین وڵات دەکات و لە عێراقیش خاوەن بڕیارە، هەر ئەوان نەیانهێشت سەدر هیچ بکات، بۆیە کاریگەریان لەسەر ڕووداوەکان هەیە."

ناوبراو وتیشی: "نازانم ئاگاداری مووشەک بارانی هەولێرن یان نە، بەڵام ئەو گرووپانەی هەولێریان مووشەک باران کرد، بە عەینی مووشەک، کێڵگەی غازی کۆرومۆریشیان مووشەک باران کرد، ئەمە پەیوەندی بە عێراق و حەشدی شەعبیەوە هەیە، کە لەچەندین گرووپی جیاواز پێکهاتوون و کەس بەکەس نیە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ شتێک بێ ئاگا نییە، کە لە ناوچەکە ڕوودەدات."

سەردار قائانی و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

لەبارەی ڕای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکە، محەمەدی حاجی مەحموود وتی: "ئەوان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکەبوون، داوایانلێکردم، هەوڵبدەم نێوان یەکێتی و پارتی هێور بکەمەوە، چیم پێکرا بیکەم."

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، بەمەبەستی سەردانی دکتۆر چووەتە ئێران، بەڵام کاتێک بەرپرسانی ئێران پێیانزانیووە لەو وڵاتەیە، داوایانلێکردووە بیبینن و زۆربەیانی بینیووە.

محەمەد حاجی مەحموود وتی: "بەرپرسانی ئێرانی ڕەئیان وابوو، پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، کێشەی سەرۆک کۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر بکرێت، ڕەنگە لەم ماوەیەدا خۆشیان سەردانی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوان جەختیان لە پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ هەرێم دەکردەوە."

محەمەدی حاجی مەحمود و گەیاندنی پەیامی بارزانی بە ئێران

بەپێی زانیاری هەندێک لەسەرچاوەکان کە زانیاری یان داوەتە دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحموود پەیامی مەسعوود بارزانی لەبارەی چۆنیەتی بەشداری کردنی پارتی لە حکوومەتی داهاتووی عێراق گەیاندووەتە ئێرانیەکان، بەڵام ناوبراو تەواوی زانیاری یەکانی ڕەتکردەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت :"وەڵاهی کاک دڵشاد، هیچ پەیامێکی جەنابی بارزانیم پێنەبوو، هاتم بۆ ئێران بەڕێکەوت لە فرۆکەخانە بافڵ تاڵەبانیم بینی، بەڵام هیچ پەیامێکم پێنەبووە."

دەربارەی ئەو زانیاریانەی هەن گوایە پێش سەردانەکەی بۆ ئێران، چاوی بە بەرپرسانی پارتی لە هەولێر کەوتووە، محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "لە هەولێر لە موناسەبەی مێژووی بارزانییەکان بەشداربووم، کتێبێک نوسرابوو، لەوێ بەشداریم کرد، نەک بۆ کۆبوونەوە لەوێ بم."

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەتەواوەتی قوڵبوونەتەوە، چەند جارێک محەمەدی حاجی مەحموود سەردانی هەردوولای کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەبارەی ئەنجامی هەوڵەکانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەوڵمدا و ئەنجامی هەوڵەکانیشم، یەکتربینینی لێکەوتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزعەکان وەکو خۆیانن، ڕەنگە لەمەودوا دۆخەکە هێورببێتەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی، چونکە لایەنە عێراقیەکان هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەت دەخەنە ئەستۆی کورد، لەکاتێکدا گەر خۆیان ڕێکبکەون نیو سعات چاوەڕێی کورد ناکەن و حکومەت دروست دەکەن، بۆیە دەبێت یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون."

ترس لەگەڕانەوەی سەدر لە سعوودیە

محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێیوایە، یەکێتی و پارتی لەکۆتاییدا ناچارن لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێککەوتن، دەڵێت"مالیکی و عامری قسەیان لەگەڵ کاک مەسعوود و هەرێم کردووە، چونکە ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی پێکهێنانی حکوومەتە."

ناوبراو جەختی کردەوە: "هەرچەندە ڕەنگە پێکهێنانی حکوومەت بکەوێتە دوای جەژن، بەڵام هەوڵ هەیە تا سەدر لە سعودیە نەگەڕاوەتەوە حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە گەر بگەرێتەوە، ڕەنگە پێکهێنانی حکوومەت قورستر بێت، بەتایبەت دەوترێت مەرجەعیەت بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیر ڕازی نیە، خەزعەلی داوای هەڵبژاردن دەکات، حەکیم ڕەتیدەکاتەوە بەشداری حکوومەت بکات، چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو خۆشیان ڕێکنین."

سەدر بێ دەنگ دانانیشێت

سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، سەدر خۆی هۆکاربووە بۆ پەراوێزخستنی، چوونکە هەر ساتە و بڕیارێک دەدات، بەڵام پێناچێت بێدەنگ دانیشێت، وتی: "ئێستا سەدر بەناوی حەجەوە لە سعوودیەیە، پێموایە سەردانەکەی تەنها بۆ حەج نیە، ڕەنگە بەرنامە و کۆبوونەوەی هەبێت، بایدن سەردانی ناوچەکە دەکات، سەدر ئیمتیازی زۆری داوەتە پەرلەمانتارەکانی بۆ کشانەوە، بۆیە بە بێدەنگی دانانیشێت، ڕەنگە بیەوێت تەمەنی حکومەت کورت بێت، یان داوای هەڵبژاردن بکات، چونکە ئەو نیازی وایە لەهەڵبژاردنی داهاتوو 100 کورسی بهێنێت."

گوشارەکانی سەر هەرێم

لەبارەی گوشارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "گوشارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێم سیاسین، ئەوان واتێگەیشتوون کورد لە دۆخێکی تایبەت دا و لە ژێر سێبەری ئەمەریکا شتی دەستکەوتووە، ئێستا ئەمەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، نایانەوێت کورد لەعێراق شەریکیان بێت، ئەمە هۆکاری گوشارەکانە."

هۆشدارییەکانی پلاسخارت

هەرچەندە جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، چەندین جار لەبارەی خراپی دۆخی هەرێمەوە هۆشداری داوەتە لایەنە کوردیەکان و دووجاریش لەگەڵیان کۆبووەتەوە، بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود پێیوانیە مەترسیەکانی سەر هەرێم جدی بن، دەڵێت: "هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوری و یاسایی دانپێدانراوە، پێموانیە مەترسی هەبێت لەسەری، ڕەنگە هۆشداریەکانی پلاسخارت، بەشێکی بۆ ترساندن بێت، بەشێکیشی بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیەکانەوە بێت، کە بەغدا سود لەو ناکۆکییانە وەردەگرێت و هەوڵدەدات کێشەکان گەورەبکاتەوە."

News Code 6338

Your Comment

You are replying to: .
captcha