کوردپرێس:
بەکر حاج عیسا بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە هەرێمی فورات لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دۆخی ئێستای عەین عیسا پاش هێرشی تورکیا کردووە و دەڵێت: لە ڕاستیدا تا ئەم کاتەش عەین عیسا دۆخی شەفافی نیە و دیار نیە کە ئایا تورکیا و ڕووسیا لە سەر عەین عیسا ڕێککەوتوون یان خەیر بەڵام هێرشی میلیشیا جیهادییەکانی سەربە تورکیا بۆ ناوچەکە بەردەوامە.
بەکر حاج عیسا گوتیشی: ڕۆژانە میلیشیاکان هەڵدەکوتنە سەر گوندەکانی بەری خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەین عیسا و ڕۆژی ڕابردووش هێرشی تۆپخانەکانی تورکیا گرووپە تیرۆریستەکان بووە هۆی برینداربوونی دوو منداڵ.
ناوبراو زیادی کرد: تا ئەم کاتەش میلیشیاکان توانایان نەبووە لە عەین عیسا پێشڕەوی بکەن و بگەنە هیچ ئامانجێکیان.
بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە هەرێمی فورات ئاماژەی بە ئامانجی ڕووسیا لە عەین عیسا کرد و گوتی: ڕووسیا نیازیەتی لەم ڕووەوە گوشار بخاتە سەر ئێمە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ئیمتیازات بە دەوڵەتی ناوەندی بدەین بەڵام هێزەکانی ئێمە تا ئەم دەقەیەشی لەگەڵ بێت بە هەموو تواناوە خۆڕاگرییان بەرامبەر دەستدرێژیی داگیرکەران کردووە و ڕێگەیان نەداوە بە هیچ شێوەیێک پێشڕەوی بکەن.
بەکر حاج عیسا ئاشکراشی کرد: ڕووسیا ناتوانێت و نەیتوانیوە گوشار خاتە سەر ئێمە و تەداوخلی کاروباری ئێمە بکات چوونکە ئێمە جوابی بەبڕشتمان داونەتەوە.
بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە هەرێمی فورات زیادیشی کرد: بۆشاییی دەسەڵات لە ئەمریکا و مەسەلەی گواستنەوەی دەسەڵات لەو وڵاتە بۆتە هۆی ئەوەی تورکیا و ڕووسیا خەیاڵی ئامانجەکانی خۆیان لە کوردستانی سووریادا هەبێت بەڵام ئێمە لە بەرامبەر گوشارەکاندا خۆڕاگر دەبین و تا ئەم کاتە ڕێگەمان نەداوە تورکیا و میلیشیاکان پێشڕەوی بکەن.
بەکر حاج عیسا لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیاش گوتی: من لەو قەناعەتەدا نیم کە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا لەبارەی عەین عیساوە ڕێککەوتنێک کرابێت چوونکە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نیە کە جادەی M4 بکەوێتە دەست گرووپە جیهادییەکانی سەربە تورکیا. ڕووسیا نیازیەتی بەو شێوەیە گوشار لە سەر ئیدارەی خۆسەر و HSD دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانێت عەین عیسا ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکات ئەمە ئەو یاریییەیە کە ڕووسیا دەستی پێکردووە بەڵام تێیدا سەرناکەوێت.
بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە هەرێمی فورات جەختیشی کردەوە: هێزەکانی ئێمە ئەزموون و پێداویستییان باشیان هەیە و ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییێک نادەن. داگیرکەران لە هەمان خاڵی پێشووی خۆیان ماونەتەوە و یەک مەتریش نەهاتوونەتە پێشەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: ڕووسیا نیازیەتی بەو شێوەیە گوشار لە سەر ئیدارەی خۆسەر و HSD دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانێت عەین عیسا ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکات تورکیاش نیازیەتی پێش ئەوەی بایدەن بێتە سەر کار کانتۆنی جزیرە لە کۆبانێ ببڕێت.
Your Comment