فەرماندەی گشتیی هەسەدە: ئومێد  وایە سوید و فینلاند بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئیدارەی خۆسەری

بەشی سووریا- فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئومێدی وایە سوید و فینلاند بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئیدارەی خۆسەری  و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووسی سوید و وڵاتانی دیکەی جیهان، باسی لە مەرجی تورکیا بۆ سوید و فینلاند کرد بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ و ئاماژەی بەوەدا، "تائێستا ئێمە هیچ گۆڕانکارییەکمان لە حکوومەتی سویدەوە بەرامبەر ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەست پێنەکردوە، بۆیە ئێمە سوپاسی پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی ئەو وڵاتە دەکەین کە لە شەڕی داعش بۆ ئێمەی پێشکەش کرد".
کۆبانێ هۆشداری دەدات لەوەی تورکیا قەیرانی ئۆکرانیا و داواکارییەکەی سوید و فینلاند بۆ بونە ئەندامی ناتۆ، بۆ "قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە" و لەم کاتەشدا ئەنقەرە مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکانیان زیاتر بوون.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئومێدی وایە سوید و فینلاند بەردەوام بن لە هاوکارییەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، پەیوەست بە پەسەندکردنی مەرجەکانی تورکیاش لەلایەن ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە ئەندامی ناتۆ، وتی: "باوەڕم وایە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە و ئێمە ڕێز لە بڕیاری ئەوان دەگرین، بەڵام باوەڕمان وایە تورکیا دۆخی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و داواکارییەکەی سوید و فینلاندی وەک هەلێک قۆستوەتەوە و دەیەوێت لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریانهێنێت".
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باسی لەوەش كرد، هەسەدە هەڕەشەکانی تورکیای بە جددی وەرگرتووە و خۆی بۆ هەموو هێرشێکی گریمانەکراو ئامادە کردووە، بەتایبەت کە ئەو ناوچانەی ئەنقەرە دەیەوێت هێرشیانبکاتەسەر بریتین لە تل رەفعەت و مەنبج کە ئاسمانی ئەو دوو ناوچەیەش لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراون، بۆیە هۆشداری دەدەن لەوەی هەر هێرشێک ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەسی لێدەکەوێتەوە.

News Code 6265

Your Comment

You are replying to: .
captcha