سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جه‌خت لەسەر پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئێران له‌ڕووى کولتوورى و ڕۆشنبيرييه‌وه‌ دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازیى له‌ کۆمه‌ڵێک له‌ نووسه‌ران و ئەکادیمیست و ڕۆشنبيرانى کوردستانى ئێران کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ ديدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندەکە، جه‌ختى لەسەر پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ڕووى کولتوورى و ڕۆشنبيرييه‌وه‌، کردەوە. هیوای خواست پردی پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵاتی دۆست و دراوسێ، هەرچی زیاتر پتەوتر بێت.

هەروەها لە دیدارەکەدا ئه‌مڕۆى نووسين و ئه‌ده‌بياتى کوردى و بزاوتى چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ى کوردى له‌ هه‌رێمى کوردستان و ئێران و چه‌ند بابه‌تێکى په‌يوه‌ست به‌م بواره‌وه،‌ تاوتوێ کران و بيروڕايان له‌باره‌يه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ کرا.

له‌ ديداره‌که‌دا تيشک خرايه‌ سه‌ر هه‌وڵى کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌کانى په‌يوه‌ست به‌ مێژووى کوردستان و شۆڕشه‌کانييه‌وه‌ له‌ ئه‌رشيفخانه‌کانی وڵاتانى دراوسێ و جيهاندا و له‌مباره‌يه‌وه‌ کار و کۆششى ئه‌نستيتۆى کوردستان له‌ تاران و به‌ڕێز بارامى وه‌ڵه‌دبەگی و هاوکارانى بۆ کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌کان و له‌چاپدانيان به‌رز نرخێنرا.

شاندى میوان ستایشی ڕوانگەی ئاشتیخوازانە و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمى کوردستانیان لەسەر ئاستەکانی ناوخۆی کوردستان و عيراق و ناوچەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.

شایانی باسە ئەو شاندە ئێرانییە بۆ به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ناساندنى زنجيره‌ په‌رتووکێکى به‌ڵگه‌نامه‌ييدا ده‌رباره‌ى شۆڕشه‌کانى بارزان، سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانيان کردبوو.

News Code 6246

Your Comment

You are replying to: .
captcha