بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی لە وتەیەکدا لە رێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر ناونیشانی کۆمەڵە کتێبی بزووتنەوەی بارزان لە هەولێر وتی، بە درێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە نەتەوەکەمان کراوە و خۆشمان زوڵمی زۆرمان لەخۆمان کردووە، رووبەڕووی چەندین بێ بەڵێنی بووین لە بەرامبەرەوە و خۆشباوەڕ بووین و بە دوو قسەی خۆش باوەڕمان بە هەموو شتێک کردووە، بەداخەوە تاوەکوو ئێستاش فەرهەنگی یەکتر قبوڵنەکردن و کورد بە کەمزانین و باوەڕ نەبوون بە مافەکانی زاڵە.
باسی لەوەش کرد، ناوچەکە تووشی قەیرانێکی گەورە هاتووە و شەڕ و پێکدادان لە زۆر شوێن هەیە و تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە و هێشتا تەواو نەبووە و تەواو نابێت، عیراق لە قەیرانێکدایە و هەوڵی ئەوە دەدەین لەو قەیرانە دەرچێت چونکە لە بەرژەوەندی هەرێمیشدایە، بەڵام نایشارینەوە قەیرانەکە قوڵە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا وتی، ئەگەر بەغدا جیدی بێت و ئیرادە و نیەتی رێکەوتن هەبێت و دەستور حاکم بێت لە نێوان هەردولا، دەکرێت کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن، بەڵام دەستور بنەخە لاوە و بە میزاج بڕیاربدەن و ئەو مافانەیی دەستور داویەتی بە هەرێم لێی بستێننەوە ئەوە قابیلی قبوڵ نییە، شەڕ خراپترین شتە و نابێت بیری لێبکرێتەوە، بەڵام لەشەڕ خراپتر خۆڕادەست کردنە و ئێمە خۆمان رادەست ناکەین.
Your Comment