بەپێی هەواڵی کوردپرێس، راكان جبوری، پارێزگاری كەركووک، لە راگەیەندراوێكدا وتی: "ماوەی چەند هەفتەیەكە هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ كۆمپانیای كار دەستیان گرتووە بەسەر سێ بیرە نەوتداو دەستیان كردوە بەكاركردن و بەستنەوەی هێڵی نەوت پێیانەوە لەنزیک گوندی لهێبان كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای كەركووک".
پارێزگاری كەركووک وتووشیەتی: "بەڕێوەبەری نەوتی باكوور پشتڕاستی كردۆتەوە بەر لە چەند هەفتەیەک دەست بەسەر ئەو بیرە نەوتانەدا گیراوە و بەنیازن دەست بەسەر بیرە نەوتی دیكەشدا بگرن".
بەپێی قسەی پارێزگاری كەركووک، بەڕێوەبەری نەوتی باكوور پێشی وتووە كە "پێشمەرگە رێگەیان نەداوە كارمەندانی كۆمپانیاكەیان و هێزە ئەمنییەكانی فیدراڵ بچنە ناوچەی بیرەكان كە سەر بە پارێزگای كەركووكە."
راكان جبوری داوای لە حكوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت كردوە تیمێكی بنێرن بۆ لێكۆڵینەوەو بینینی ئەو بیرانە كە بۆریان لێبەستراوە بەمەبەستی دەرهێنانی نەوت و بەكارهێنانی لەلایەن كۆمپانیای كار.
پارێزگاری كەركووک وتوشیەتی: "بۆشایی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەیە و پێشنیاری ئێمە كە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقمان ناردوە ئەوەیە كە هێزەكانی فیدراڵ لە سەرتاسەری سنوری پارێزگای كەرک بڵاوەیان پێ بكرێت و كۆنترۆڵ تەواوی سنوری كەركووک بكەن ئەو بیرە نەوتانەش بگێڕنەوە كە لە ساڵی 2014ەوە تاوەكوو ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە.
Your Comment