وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیێندراوێک لەبارەی هێرش بۆسەر بنکەکانیان لە دهۆک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ دوو رووداوی جیادا، به‌ چه‌كی قه‌ناس هێرشكرایه‌‌ سه‌ر  هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌هاوه‌ن گونده‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆردوومان كرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانه‌ی راگه‌یاندن و هۆشیاریی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ به‌چه‌كی قه‌ناس هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر سه‌نگه‌رێكی لیوای 4ی پیاده‌ له‌ گوندی كانی ماسی و پێشمه‌رگه‌یه‌ك بریندار بوو، هه‌روه‌ها له‌كاتی هاوه‌نباران كردنی ناوچه‌كانی بامه‌ڕنێ گولـله‌ هاوه‌نێك له‌گوندی ئه‌ره‌دنا له‌ ناوچه‌ی بامه‌ڕنێ، له‌ قه‌زای ئامێدی پارێزگای دهۆك كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا، 2 هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و 2 هاوڵاتیش بریندار بوون.

راشیگه‌یاندووه‌، "ئه‌م رووداوانه‌ له‌كاتێكدا بوون، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیاندا بون، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ گونده‌كانی عه‌شیره‌تی نێروه‌یی له‌ ئاهه‌نگێكی ناوچه‌ییدا بوون له‌ گوندی ئه‌ره‌دنا، سه‌ربه‌ قه‌زای ئامێدی".

شانه‌ی راگه‌یاندن و هۆشیاری پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان نیگه‌‌رانن له‌‌و كرده‌‌وانه‌‌ و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك تێبگه‌ن كه‌ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خه‌ڵك و خاكی كوردستان ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌ و سازش ناكه‌‌ن له‌‌جێبه‌‌جێ كردنی ئه‌‌و ئه‌ر‌كه‌‌یان".

باسی له‌وه‌ش كردۆوه‌، "هیوادارین ململانێكانی سه‌رسنووره‌كان چیتر په‌ل بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌هاوێژێت و په‌كه‌كه‌ش له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌وڵ نه‌ده‌ن ئارامی و ئاشته‌وایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بقۆزنه‌وه‌، چونكه‌ رێگه‌ نادرێت چیتر له‌م ناوچانه‌دا ئاسایش و ئارامی خه‌ڵك تێكبچێت و گیانی هاوڵاتیان و پێشمه‌رگه‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

News Code 6069

Your Comment

You are replying to: .
captcha