بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە و دواتریش بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوەکرد، کە بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر مانەوەی لە حکوومەتی هەرێم چەند پۆستێکی نوێ وەربگرێت.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێکی نوێ لە حکوومەتی هەرێم وەرناگرێت و ئەو پۆستانەشی ئێستا باس دەکرێت بدرێنە بزووتنەوەکە، پێشتر لە بەرامبەر بەشداری کردنیان لە حکوومەت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
لە بارەی بڕیاری کشانەوەشیان لە حکوومەت، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت: بێگومان بڕیارمان هەیە و لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاردراوە لە حکومەت بکشێینەوە، چەند ژوورێکی پەیوەندیداریش هەن دەبێت ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن و کات و شوێنی کشانەوەکە دیاری دەکرێت.
نزار مەحموود باس لەوەش دەکات، کە بۆیان دەرکەوتووە هۆکاری پاشەکشەی دەنگەکانیان بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەتی هەرێم.
نزار مەحموود دەڵێت، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانمان بەشداریکردنمانە لە حکومەتی هەرێم، چونکە ئێمە بە بەرنامەیەکەوە چووینە ناو حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی چاکسازیی بکەین لەناو حکومەتی هەرێم، بەڵام دیارە چاکسازیی نەکراوە و ئەگەریش کرابێت زۆر زۆر کەمە، بۆیە دەنگدەرەکانمان پێمان دەڵێن کە پێویستە پێداچوونەوە بە بەشدارییمان لە حکومەت بکەین.
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوەش دەکات، کە نەیانتوانیوە ئەو بەرنامەیەی دایانڕشتووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکومەت جێبەجێی بکەن و دەڵێت، بە بەشدارییمان لەم حکومەتە بۆمان دەرکەوت کە ئەو حکومەتەی بەشدارییمان تێداکردووە زۆرینەی لە لایەنەکانی دیکەن و ئەگەر وەزیرەکانی ئێمەش بە دڵسۆزییەوە کار بکەن و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک بدەن، بەڵام ئەوان چۆن بیانەوێت دەتوانن ڕێگربن و پرسی چاکسازیی و باشکردنی ژیانی خەڵک پەکبخەن، ئێمە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەشدارییمان لە حکومەت کردووە.
سەبارەت بە ناڕازییەکانی ناو بزووتنەوەکەش، نزار مەحموود ڕایدەگەیەنێت کە بڕیارەی کشانەوەیان لە حکوومەت بۆ ڕازی کردنی جەماوەر و سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەکەیە و دەڵێت، ماوەیەکی زور ئێمە گفتوگۆمان کردووە لەگەڵ ئەو خەڵکانەی عاجزبوون و لەگەڵ هەندێ خەڵکی تر. بیروڕامان گۆڕیوەتەوە لەسەر ئەوەی بۆ خەڵک لە ئەدای بزووتنەوەکە ناڕازییە و لەو ڕوانگەیەشەوە بڕیاری ئەوەمان دا پێداچوونەوەیەک بەخۆماندا بکەینەوە و بڕیاری کشانەوە بدەین لە حکومەت. بێگومان ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی لەو سەردەمە عاجزبوون. بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ئەوەتا ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و پێداچوونەوە بەو هۆکارانەدا دەکەین. کە وایکردووە کورسی نەهێنین.
بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خاوەنی دوانزە کورسییە و لە حکومەتی هەرێمیش چوار وەزیری هەیە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.
Your Comment