هەرێمی کوردستان دەبێت درێژەی بە چالاکییە نەوتییەکانی خۆی بدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  دەڵێت کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات وەدەبێت وەڵامی تووندی هەر کەس و لایەنێک بداتەوە کە ئەو مەسەلەیە باس دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بابەتێکیدا کە لەبارەی لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "رۆژی شەممە 7-5-2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێک گوایە وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەکەی کۆمەڵێک قسەی کرد، زۆری لەو راوە دەچوو ئەم وەزیر و گزیرانە قورمش دەکرێن کە چی بکەن و چی بڵێن، ئەویش قسەکانی کۆنی دادگە عەرەبیەکەی بەغدای جویەوە و گوایە 75 رۆژ نەرمی نواندوە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئیجابی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ بکات".

ناوبراو دەشڵێت: "من بەم وەزیرە دەڵێم زۆر دڵنەرم و میهرەبانی نواندوە و خێری بە کورد کردووە، لە راستیدا ئەو جۆرە قسە و هەڵسوکەوتەی عێراق، رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مان بیر دەخاتەوە، بە تایبەتی رژێمی سەدام حسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە رژێمێکی لاواز رەنگە ئەم وەزیرە لە ژوورەکەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات، ئەم وەزیرە بە زمانێکی زبر هەڕەشە لە کوردستان دەکات لە کاتێکدا عێراق و سەروەریەکانی لە ژێر پۆستاڵ و مووشەک و ڕەحمی موخابەراتی وڵاتاندایە، تەنانەت حزب و کەسایەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گێچەڵیان پێ دەکرێت، ئەویش ئەیەوێ لەسەر کورد جارێکی کەش خۆیان تاقی بکەنەوە و دوای ئەو قسانەش هەندێک دەنگی ناساز بە ناوی ڕۆژنامەنوسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا ئەکەن وەک تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق و هەموو شتەکان بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەو گێلە پیاوانە هەمیشە چاویان لە ئێسقانە بە چ حەقێک ئەو قسە حەلەق و مەلەقانە ئەکەن، ئەوانە ڕەنگە بە هەوێ کورد بن بۆیە نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ ئەکرێت چونکە کورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، کورد ئەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد و کوردستان".

محەمەد حاجی مەحموود باس لەوەدەکات: "کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات و دەبێت وەڵامی تووندی هەر کەس و لایەنێک بداتەوە کە ئەو مەسەلەیە باسدەکەن و قابیلی قسە لەسەرکردن نییە و نابێت، چونکە دەستوری عێراق مافی بە کورد داوەو دادگە و هەر کەسێکی کە ناتوانێ هیچ بڕیارێکی لەو بابەتە بدات، بۆیە حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و قەزا دەبێت هەڵوێست روون و ئاشکرایان هەبێت لە سەر ئەو جموجوڵەی بەغدا لەسەر کوردستان هەیە".

ناوبراو راشیدەگەیەنێت: "بەغدا بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی یا پارێزگاکان دانامەزرێنێ بۆ ئەو هەموو تاوانە کە دژی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان ئەکەن ڕاگرن، بۆیە کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرگری لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکەن، چونکە قسەکانی ئەو وەزیرە هەڕەشەی شەڕ بۆ سەر کوردستان دەکات، با ئەوانیش خۆیان تاقیبکەنەوە وەک حکوومەتەکانی پێش خۆیان دڵنیام چارەنووسیان لەوان باشتر نابێت".

محەمەد حاجی مەحموود وتی: "ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا لەبیریان چووە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان و هێزی پێشەرگە عێراقیان ڕوخاند نەک ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا، زۆریان سەربازی فیراربوون لە دەرەوەی وڵات و بە ڕادیۆ هەواڵی کوردستان و عێراقیان پێ دەگەیشت، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە رەتدەکەینەوە و هەر لایەنێک و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی رەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر هەنگاوێک خیانەتە لە مێژوو لە کورد و قەوارەی سیاسی ئێستا و داهاتوو".

News Code 5939

Your Comment

You are replying to: .
captcha