بۆ رازی دەبین بۆ هەڵبژاردنی بەغداد فرە بازنەیی بێت، بەڵام لە کوردستان نابێ فرە بازنەیی بێت؟

بەشی عێراق و هەرێی کوردستان- مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵای سیاسى و بەرژەوەندی یەکێتى دەڵێت، بۆ رازی دەبین بۆ هەڵبژاردنی بەغداد فرە بازنەیی بێت، بەڵام لە کوردستان نابێ فرە بازنەیی بێت؟ پێشیوایە کە وەک سەرکردە و سەردارانی رابردوو، هێزە سیاسییەکان لەئاست رووداوەکاندا نین.

کوردپرێس: مەلا بەختیار لەمیانى وتارێکیدا بۆ کۆمەڵێک گەنجی پشدەرو بیتوێن رایگەیاند "لەدوا ئەنجامی رووداوەکانی ئاییندە، وڵاتانی زلهێز بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەون! جەختیکردەوە: ئەگەر رووداوەکان بەقازانجی نەتەوەکەمان نەشکێتەوەو لەسەر باکور، رۆژهەڵات و باشور رێکنەکەوین، ئایا کورد بەرەو کوێ دەڕۆین؟ کەواتە خەبات بۆئەوەی هێزەکانی کوردستان، چارەسەری کێشەکانیان بکەن، گرنگەو هەوڵبدەین بەیەک گوتار بچینە بەغداد، نەک وەکو ئێستا بەچوار گوتاری جیاواز لە بەغداد بین".

ئاماژەى بەوەش کردوە، پارتی گوتاری خۆی، یەکێتی گوتاری خۆی، ئیسلامییەکان گوتاری خۆیان و نەوەی نوێش گوتاری خۆی، کە ئەمەش گوناهێکی ئێجگار گەورەیە! بەداخیشەوە کە زۆر لەیەکتر ترازاوین و ئەمەش دەیسەلمێنێ، کە وەک سەرکردەو سەردارانی رابردوو، هێزە سیاسییەکان لەئاست رووداوەکاندا نین و پەرش و بڵاوین، ئەوکات چۆن یەکگرتوو نەبوین، ئێستاش هەروا! ئەوکات چۆن سیاسەتێکی ناوەندی نەبووە، ئێستاش هەروا! ئەوکات چۆن یەک ستراتیجمان نەبوو، ئێستاش بەهەمانشێوە!

ئەندامەکەى ئەنجومەنى باڵای یەکێتى دەشڵێت: "لەهەموو ئەوانەش خراپتر، بڕیارە مانگی یانزە هەڵبژاردن لەکوردستان بکرێت، بەڵام تازە بەتازە بیریان دەکەوێتەوە یەک بازنەیی بێت یان فرە بازنەیی بێت؟ لەکاتێکدا پرسیار ئەوەیە بۆ رازی دەبین بۆ هەڵبژاردنی بەغداد فرە بازنەیی بێت، بەڵام لەکوردستان نابێ فرە بازنەیی بێت؟ بانێکە و دوو هەوا؟ یان چی تێدایە گۆڕانکاری لە کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردندا بکرێت".

هەروەها مەلا بەختیار باسى لەوەشکردوە، دەبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، دیالۆگێکی دیموکراسی نیشتمانی رێکبخرێت و کێشەکانی تێدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێن، نەک کۆبوونەوە لەژوورە داخراوەکاندا.

لە کۆتایشیدا رایگەیاندوە، حزب ئەگەر نەتوانێ کێشە نەتەوەییەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ شێخ و ئاغاکانی رابردوو؟! ئەوان شەخس سەرکردایەتی دەکردن و پەرشوبڵاوبوون، بەڵام ئێمە حزب سەرکردایەتیمان دەکات و پەرشوبڵاوین؟ ئەمەش دەیسەلمێنێ نەتەوەکەمان یەکگرتوو نییە و هەر ئەم هۆکارەشە مەترسییەکانمان زۆرتر دەکات، کە توشی شکستێکی گەورەببین.

News Code 5909

Your Comment

You are replying to: .
captcha