پەیامەکەی موقتەدا سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت، نەوەی نوێ ناگرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەیامەکەی موقتەدا سەدری کە داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کرد هەوڵی پێکهێنانی حکوومەت بدەن، ئەوان ناگرێتەوە، چوونکە هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبوار عەبدولڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، دەڵێت: "پێشنیارەکەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیش ئاراستەکراو نیە بۆ ئێمە وەکوو نەوەی نوێ، چوونکە هەر لەسەرەتاوە چوونەنێو حکوومەتمان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ڕادەبینم، بتوانن یەکگرتوو بن و ڕوئیایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکان."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "گەر کاندیدی سەربەخۆ و بێ لایەن بۆ سەرۆک وەزیران و وەزارەتەکان پێشکەش بکرێ، ئێمە سەیری بەرنامەکەی دەکەین، بەرنامەی کاری حکومەتەکەی لە خزمەتی خەڵکدا بێت و بەشێک لە کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، ئامادەین دەنگی پێبدەین."

وتەبێژی نەوەی نوێ هیواشی خواست، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ڕیزەکانی خۆیان یەکبخەن و وەڵامێکی یەکگرتوویان بۆ ئەو پێشنیارانە هەبێت کە خراوەتە بەردەمیان.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان سەبارەت بەهۆکاری هەڵدانی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دەڵێت: "هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک دەنگی یەکلایی کەرەوەی دەبێت لە یەکلایی کردنەوەی بەشێک لە پرۆسەکە، ئەو پرۆژانەی هەیە چ لەلایەن سەدر و چ چوار چێوەی هەماهەنگیشەوە، لەو ڕوانگەوەیە وەکوو یەک پاکێج سەیری هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و سەربەخۆکان دەکەن و دەنگی یەکلایی کەرەوەشن لەنێو پەرلەماندا."

وتەبێژی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەگەری بە ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕەوتی سەدر، گوتی: "هیچ شتێک موستەحیل نیە، هەموو شتێک پێشبینیکراوە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر سیاسەتی ڕەوتی سەدر، سەدر زۆرترین کورسی هەیە لەپەرلەمانی عێراق، بێگومان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەو شێوەی کە خۆی دەیەوێت."

پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای پێکهێنانی حکوومەتی لێکردوون، ژمارەیان نزیکەی 40 پەرلەمانتار دەبێت، بەڵام بەشێکیان بەشێوەی تاکەکەسی کار دەکەن و تا ئێستا نەیانتوانیووە دەنگیان یەکخەن.

News Code 5907

Your Comment

You are replying to: .
captcha