پەیامی ماڵئاوایی باڵیۆزی ئێران لە عێراق/ ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان دەکات

بەشی ئێران- باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەهۆی تەواوبوونی کارەکانی، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاو کردەوە و دەڵێت لەماوەی کارکردنیدا رۆژانی قورس و ئاسانیشی بەڕێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی هەینی 29ی نیسانی 2022، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق پەیامی ماڵئاوایی وەکوو باڵیۆز بەجێهێشت و ئاڕاستەی گەنجان و پیاوانی دەوڵەت لە بەغدا، هەرێمی کوردستان، وەزیران، سەرۆک، مەرجەع، زاناکان، سەرۆکی هۆزەکان و چەندین توێژی دیکەی کردووە.

دەقی پەیامەکە:

دوایین رۆژەکانم لە ئەرکە دیپلۆماسییەکانم وەکوو باڵیۆزی سەروو نەریت و رێگەپێدراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆماری عێراق بەڕێ دەکەم و خۆم بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمانەکەم ئامادە دەکەم، سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئەو یارمەتی و هاوکارییەی لەو ماوەیەدا پێشکەشتان کردووم، ماڵئاوایی لەگەڵ عێراق ئەم خاکە پیرۆزە، خاکی پەیامبەران و ئیمام و ئەولیاکان لەوە قورسترە وشەکان گوزارشتی لێ بکەن، سوپاسی خودا دەکەم سەریخستم لەو ماوەیە خزمەتکارێکی بچووکی ئێوە و گەلی مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران بم.

ماوەی مانەوەم لە عێراق وەکوو هەر ماوەیەکی دیکەی ژیانی مرۆڤ چەندین وەرچەرخان و رۆژانی قورس و ئاسانی تێدابوو، رۆژی شەهیدکردنی دوو سەرکردە مەزنەکەی بەرگریی، سەرکردە فەریق حاجی قاسم سولەیمانی و سەرکردە ئەبوو مەهدی موهەندیس لەو رۆژانەیە کە برینێکە سارێژنابێت، بەڵام تێکەڵبوونی خوێنی ئەو دوو پاڵەوانە و هاورێکانیان پەیوەندییەکی مەزنی لەنێوان هەردوو گەلی ئێران و عێراق دروست کرد.

برا و خوشکانم مەزنیی چلەی ئیمامی حوسێن دیمەنێکی ناوازەیە بۆ پێکەوەبەستنی دڵی هەموو شیعە و پەیڕەوانی ئیمام و ئەوانەی لەسەر رێڕەوەکەی دەڕۆن لەگەڵ باوەڕداران بە بەرگریی، هەرگیز بەخششی گەلی عێراق و میواندۆستی و دڵسۆزیی و وەفای لەبیرناکەم بەتایبەت سەرۆک هۆزە بەخشندەکان بەرامبەر بە ملیۆنەها سەردانیکار و شاهێدی لەسەر ئەوە دەدەم.

چەندین جار گوتوومە ئامانجی گەورەم لابردنی سەرجەم رێگرییەکانە کە رێگە لە هاتوەچۆی ئاسان و ئازادی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات لەنێو خۆیاندا دەکەن، نەهێشتنی ڤیزا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی و عێراق لە گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوولا هەنگاوی یەکەمە، بەڵام ئامانجی کۆتاییمان لابردنی ڤیزەیە لەسەر هاووڵاتیانی هەردوو وڵات بەتەواوەتی و بەستنەوەی نێوانیان بە هێڵی شەمەندەفەر و دروستکردنی رێگەیەکی خێرایە لە نەجەفی پیرۆزەوە بگاتە شاری پیرۆزی مەشهەد.

گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەلایەن دوژمنانمانەوە تائێستاش جێی دڵپێخۆشنەبوون و رق و کینە بووە، چونکە دەزانن پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی هێزی مەزن، گومانیشی تێدا نییە رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە پێویستی بە هۆشیاری و هەوڵەکانمان هەیە لە رێڕەوی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان و سوپاس بۆ خوا نیشانەکانی ئەو هۆشیاری و بینینە تەنانەت لەلایەن گەنجانی هەردوو وڵاتیشەوە دەرکەوتووە و ئێمە دڵنیاین ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان دەکات.

News Code 5852

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha