هەناردە کردنی گازی هەرێمی کوردستان 5 تا 10 ساڵی دەوێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراون ئێستا هەرێمی کوردستان ناتوانێت گازی سرووشتی هەناردە بکات و بە لای کەمەوە 5 تاوەکوو 10 ساڵی پێدەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "هەموو ئەو توێژینەوانەی پسپۆڕان بۆ کێڵگەی گازی سرووستی لە کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و کێڵگەکانی دیکەی گازیان کردووە، هەموویان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئێستا هەرێمی کوردستان ناتوانێت گازی سرووشتی هەناردە بکات. پرۆسەی دامەزراندنی ژێرخانی پێویست بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گازی هەرێمی کوردستان بە لای کەمەوە پێنج تاوەکوو 10 ساڵی پێدەچێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، کاتی خۆی د. ئاشتی هەورامی گوتی: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژێکدا دەگەیەنینە ملیۆنێک بەرمیل. هەروەها باسی ئابووریی سەربەخۆ و ئەوەی کرد کە ئیدی پێوسیتیان بە عێراق نامێنێت. دەشڵێت، "بەڵام بە کردار و واقیع دەرکەوت کە وانییە و تەنیا خەیاڵاتێک بووە. ئەمەی گازی سرووشتیش بە هەمان شێوەیە."

شێرکۆ جەودەت پێیوایە رێگرییەکان لەبەردەم هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستاندا زۆرن کە هەندێکیان پەیوەندییان بە سرووشتی مامەڵەکردن لەگەڵ گازی سرووشتیدا هەیە کە گاز وەکو نەوت نییە و تەکنەلۆجیا و ئامێری تایبەتی دەوێت. ئێستا 20٪ـی ئەو گازە بەکاردەهێنرێت هێشتا نیوەی پێویستییە ناوخۆییەکانیشی دابین نەکردووە.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، رێگریی دووەم لایەنی سیاسییە کە ئێستا لەگەڵ بەغدا نەوت لە قەیراندایە و ئەوان لەو بارەوە لە دوورترین ئاستی تێگەیشتن و دابڕاندان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو باسی لەوە کرد: "هەناردەکردنی نەوت و گاز تەنیا بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەبێت. ئەوەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە و وا بە زوویی ناگاتە ئەنجام. 2007 و 2011 هەوڵ بۆ یاسای نەوت و گاز دراوە و رێکنەکەوتوون، ئێستایش زۆر سەختە رێکبکەون. ئیتر نازانم چۆن ئەم بەڵێنانە بە جیهان دەدەن و دەڵێن دەبنە شوێنگرەوەی گازی رووسیا لە کاتێکدا رێگرە سیاسی و ئاسایشی و تەکنیکییەکان زۆرن، گاز بابەتێکە پەیوەندیی بە ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە."

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەروەها گوتیشی: "یەکێتی و پارتی پەرلەمانی کوردستانیان پەکخستووە، چونکە نایانەوێت دەزگایەکی چاودێری بەسەریانەوە بێت. نایانەوێت بودجە بێتە پەرلەمانەوە و بارە لارەکان راست بکاتەوە."

شێرکۆ جەودەت ئەوەی خستەڕوو کە عێراق دەتوانێت گوشار لە تورکیا بکات بۆ ئەو 27 ملیار دۆلارەی خەمڵاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە تورکیاوە کە سکاڵایەکی یاساییە و لەلایەن عێراقەوە لە تورکیا کراوە. ئەو کاتە دەتوانێت ئەوە زیندوو بکاتەوە و وەک قەرەبوو لە تورکیای داوا بکات.

هەروەها شێرکۆ جەودەت باسی لەوەیش کرد، لەبەر ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری داوە کارە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نادەستوورین، عێراق دەتوانێت بڵێت کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە کاری نادەستووری تێوەگلاون. ئەوەیش پشکەکانیانی لە بۆرسەی جیهانیدا دابەزاندووە. دەتوانێت کارەکانیان پێڕابگرێت، چونکە ئەگەر بەردەوام بن بە قاچاخچێتی دادەنرێت. دەیشتوانێت لە دیوی تورکیا و ئێرانەوە خاڵە گومرگییەکان کۆنترۆڵ بکات.

News Code 5801

Your Comment

You are replying to: .
captcha