بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد حاجی ڕەشید لە نووسینێکدا ڕایگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشاندێک لە بەغداین و کۆمەڵێک دیداری تایبەت و گشتیمان ئەنجام داوە لەگەڵ زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق و زۆرێک لە بابەتی کۆبوونەوەکان پێکهێنانی حکوومەت و چۆنێتی شکاندنی ئەو چەقبەستە سیاسیە بوو کە لەئێستادا لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە، وا دەردەکەوێت کۆمەڵێک دەستپێشخەری دەبێت لەمڕوەوە بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستویە".
ناوبراو دەشڵێت: "هەندێک لەو هەوڵانە بەدروست کردنی درز لەنێو جەستەی هاوپەیمانی سێقۆڵیدا هاتوونەتە ئاراوە و هەوڵی تریش هەیە کە لە ئەنجامی لێکگەیشتنی هەردوو فراکسیۆنی سەدریەکان و بەرەی هاماهەنگیەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەبڕوای ئێمە، هەرهەوڵێک لە ئەنجامی دروست کردنی درز لەنێو جەستەی هاوپەیمانی سێ قۆڵیدا بێتە ئاراوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و پێکهاتەی کوردی زیانی گەورەی بەردەکەوێت".
بەوتەی ئەحمەد حاجی ڕەشید: "خۆ ئەگەر هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی بەرەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ببێتە ڕێگەچارە ڕەنگە بۆ هەمووان باشتربێت، لەمڕۆوە گۆڕانکاریەکان و هەوڵەکان ڕووناکی دەبینن پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تونێلە تاریکەکاندا بوو".
Your Comment