کوردپرێس: هەر لە سەردەمی شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی باشوورەوە کە پارتی و یەکێتی کاراکتەری سەرەکیی ئەو جووڵانەوە چەکدارایانە بوون، بەردەوام ناکۆکی و ململانێی و بەریەککەوتنی بەردەوام و هەندێک جاریش ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوو هێزەکەدا هەبووە و لە زۆر شوێن لە بری دوژمن لوولەی چەکەکانیان کردۆتە یەکتری و کوشتار و کارەساتی گەورەیان دروست کردووە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی کوردستان بە گشتی.
ئەم ناکۆکی و ململانێیە درێژەی کێشاوە و بەردەوام بووە و بەو هۆیەشەوە زۆر لە رووداوەکانی ئەو کاتە و بەشێک لە دەستکەوتەکانی ئەو شۆرشانە بوونەتە قوربانیی ململانێکان و لەسەر خۆ بە خاوەن کردن یان خۆ بێبەری کردن لە شکستەکان هەردوو لابە توندی دژی یەک وەستاونەتەوە و هەر یەکەیان هەوڵی سڕینەوەی ئەوی تر و بێ ئەرزش کردنی هەوڵ و قوربانی ئەوی تری داوە.
لە ساڵانی رابردوودا و بگرە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتیە سەربازی و سیاسیەکانی هەردووحزب لەبارەی ئەو ململانێ و ناکۆکیانەوە بە ئاشکرا و بێ پەردە باسیان لەوە کردووە کە ئەوەی خۆیان بە یەکتریان کردووە هەرگیز دوژمن پێی نەکردوون و دۆخێکیان دروست کردوە کە هەموو کات ئەگەری تێکچوون و دارمانی یەکجاری لێدەکرێت.
لەم نێوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە رووداوە مێژوییەکان و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە پەرتووک و یادەوەری کەسایەتی و بەرپرسە سیاسی و سەربازیەکاندا بە جۆرێک باس کراون کە راستیی رووداوەکان ئەگەر ونیش نەبووبێت بە جۆرێک لێڵ بووە کە تاکی کورد یان لێی تێناگات یان تاقەتی لێتێگەشتنی نەماوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ساڵیادی شەری کۆڕیدا کە هەردوو حزبەکە بە داستان و نەبەردییەکی گەورەی ناودەبەن ململانێی و شەرێکی میدیایی توند سەری هەڵداوە و بەشێکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی سەربازی و سیاسی هەردوو لای بەدەنگ هێنا و تا وایلێهات لەسەر ئاستی باڵای هەردوولا هێرشی توند بکرێتە سەر کەسی یەکەمی حزبەکان و بە بێڕۆڵ پیناسە بکرێن.
سەرچاوە: شارپرێس
Your Comment