بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوتی عێراق دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ خالید شوانی سەرۆکی وەفدی هەرێم، رایگەیاند: بنەمای سەرەکی ناردنی سەرجەم ئەو گرێبەست و رێککەوتنانە لەخۆدەگرێت کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردوویەتی، ئەمە بۆ مەبەستی (پێداچوونەوە، هەموارکردن و باشکردن)ی گرێبەستەکان.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا کردوون، حەواڵەی لای کۆمپانیایەکی نەوتیی بکرێن کە بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروست دەکرێت و بارەگای کۆمپانیاکە لە هەولێر دەبێت و لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەکرێت و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتییەکانی پێدەسپێردرێت، دەسەڵات و پێوەرەکانی کارکردنی کۆمپانیاکە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوت و وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەکرێت.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، حساب بانکییەک لە یەکێک لە بانکە جیهانییەکان دروست دەکرێت و سەرجەم داهاتەکانی فرۆشتن و هەناردەی نەوت خاوی هەرێم دەخرێتە ئەو بانکەوە، وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی حساب بانکییەکە دەکات و داهاتەکانی نەوتی هەرێم بەکاردەهێنرێت بۆ زامن کردنی بودجەی هەرێم لە حاڵێکدا ئەگەر ناردنی پارەکە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دواکەوت.
وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە کە وەفدی هەرێم جارێکی تر دەگەڕێنەوە بەمەبەستی دەستپێکردنی گەڕێکی تری گفتوگۆ.
لای خۆشییەوە خالید شوانی سەرۆکی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە راشکاوانە بووە، رێککەوتن کراوە لەبارەی دانانی میکانیزم، بەجۆرێک ببێت بە پلانی کاری داهاتوو بۆ چاەسەکردنی کێشەی نەوت بەشێوەیەکی ریشەیی بە هەموو جومگەکانییەوە.
شوانی باسی لەوەکرد، یاسای نەوت و غاز باشترین چارەسەرە بۆ سڕینەوە هەموو کێشەکان و ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتایەکی باش بووە بۆ هاریکاری نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حکوومەتی هەرێم.
Your Comment