بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەنراوێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە لە مین دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاندووە: رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە کاروباری مین بۆ ئەمساڵ وەک ئامانجی کارکردن دروشمی (زەوی سەلامەت، رێگای سەلامەت، ماڵی سەلامەت)یان داناوە، لەو روانگەیەوە دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان بەو توانا مرۆیی و تەکنیکیەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی دەکاتەوە.
دەزگای مین راشیگەیاندووە، لە ئاکامی ئەو شەڕ و ناکۆکیانەی کە لە هەرێمی کوردستان روویان داوە، تائێستا ڕووبەری 255 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان ماوە پاک بکرێتەوە ئەمەش پێویستی بە کۆمەکیەکی دارایی زۆر هەیە کە لەئێستادا بەتەنها بە حکوومەتی هەرێم دابین ناکرێت.
دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماژەشی کردوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی بەردەوام بوون لە کار و چالاکیەکانیان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و کەم کردنەوەی مەترسییەکانی مین، هەروەها بەپێی ئەو داتایەی لەبەردەستیشدایە تائێستا زیاتر لە 13 هەزارو 500 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
Your Comment