ژمارەی لەدایکبوون لە هەرێمی کوردستان لە کەمبوونەوەدایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەبارەی خێزان لە هەموو هەرێمی کوردستان رووی لە بچووکبوونە، چونکە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رووپێوێک کە لە ساڵی 2017 ئەنجاممان دا، قەبارەی خێزان لە هەموو هەرێمی کوردستان رووی لە بچووکبوونە، چونکە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە هەرێمی کوردستان کەمبووە.

ناوبراو دەڵێت: بۆ نموونە، قەبارەی خێزان لە پارێزگای سلێمانی لە 5.8ـەوە دابەزیوە بۆ 4.6؛ لە پارێزگای هەولێریش قەبارەی خێزان لە 6.4ـەوە دابەزیوە بۆ 5.1؛ هەروەها لە پارێزگای دهۆک قەبارەی خێزان لە 7ـەوە دابەزیوە بۆ 6.2"

سیروان محەممەد گوتیشی: "لە ساڵی 2011ـەوە توانای منداڵخستنەوەی ئافرەتانی تەمەنی نێوان 15 بۆ 49 ساڵ لە هەرێمی کوردستان لە رێژەی تێكڕایی 3.3٪ـەوە بۆ 3٪ دابەزیووە؛ ئەمەش هۆکارێکی دابەزینی ئاستی گەشەی دانیشتووان و بچووکبوونی قەبارەی خێزانە لە هەرێمی کوردستان، کە زیاترە لە رێژەی دابەزینی ئاستی گەشەی دانیشتووان و بچووکبوونی قەبارەی خێزان لە پارێزگاکانی عێراق".

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەڵام بە گشتی هێشتا کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنجە بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپا و بەشێکی ئاسیا، چونکە 34.5٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی خوار 15 ساڵن؛ نزیکەی 28.5٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 29 ساڵن؛ بەپێی دوا راپۆرتی داینامیکی دانیشتووان کە بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجاممان دا و لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 رامانگەیاند؛ ئەم باردۆخەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ساڵی 2040 بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە کە دەبێ لەلایەن حکوومەتەوە بقۆسترێتەوە بۆ رێکخستنەوەی کۆمەڵگە و چالاکی ئابووری".

News Code 5599

Your Comment

You are replying to: .
captcha