بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و دواتریش لە راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەوە بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان وێڕای هەموو جیاوازیەکانیان، دەبوایە بەیەک بەرنامە و پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەشەوە لە بەغدا مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا بکردایە بەشێوەیەک مافە دەستوریەکانی هەرێم و شایستە داراییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی لەخۆبگرتایە، نەوەک تەنها شەڕی پۆست و ئیمتیازاتی حزبی خۆیان بکەن .
باسیان لەوەشکردووە، هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوورە لە چوونە ناو هەر ریزبەندی و ئەجێندایەکی دەرەکی و نەخوازراو، بەڵکوو یەکگرتوو خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆیەتی و وەک هەمیشە لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی ئێستا و ئایندەی هەرێم بڕیار و هەڵوێستی وەرگرتووە.
لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمەوە ئەوەخراوەتەڕوو، هەڵوێستەیان کردووە لەسەر لاوازکردنی رۆڵی پەرلەمان و شکستی حکومەت لە ئەنجامدانی هەر چاکسازیەکی راستەقینە لەسەرجەم بوارەکانی حوکمڕانیدا بەتایبەت سێکتەرەکانی کارەبا و رەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و سوتەمەنی بە نرخێکی گونجاو و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەک کە شکۆ و کەرامەتی مووچەخۆران بە گشتی و خانەنشینان بە تایبەتی پارێزراوبێت.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەکاتێکدا نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا زۆر بەرزبۆتەوە و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ درێژەدان بەم دۆخە خراپ و نەخوزاراوەی کە رووبەرووی موچە خۆران و توێژی خانەنشینان بۆتەوە.
دەشڵێت، "پێویستە حزبە دەسەڵاتدارەکان کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنن کە جگە لە خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بێزاری و نائومێدیش هەموو سنوورێکی بەزاندووە، هاوکات بووەتەمایەی شەرمەزاری و ناوزڕاندنی سومعە و شکۆی هەرێمی کوردستان و گەلەکەمان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان."
لەبارە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکگرتوی ئیسلامی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لەرێگای سازان لە نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە زووترین کات یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواربکرێتەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە و هەموو پێداویستیەکانی تر تەواو بکرێن بۆ ئەوەی بەهیچ پاساوێک ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دوانەکەوێت.
Your Comment