مەسروور بارزانی: ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانێتیەک کە ئێران پەسندی ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەڵێت ئێران ده‌یه‌وێت ڕێگریمان لێبکات له‌وه‌ى نه‌توانین ببینه‌ یه‌کێک له‌ناوه‌نده‌کان بۆ دابینکردنى وزه‌و هاوکات ده‌یه‌وێت پاشه‌کشه‌مان پێبکات له‌و ڕێکه‌وتنانه‌ى کردومانه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌میانى به‌شداریکردنى لە کۆڕبه‌ندی لووتکه‌ی حکوومه‌ته‌کان له ‌دوبه‌ی ڕایگەیاند: "هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ڕووبه‌ڕوومان کرانه‌وه‌ له‌باره‌ى بوونى ناوه‌ندى ئیسرائیلى له‌شارى هه‌ولێر بێبنه‌ما بوون، ئه‌و شوێنه‌ى موشه‌کباران کرا شوێنى مانه‌وه‌و نیشته‌جێبونى هاوڵاتیه‌کى ئێمه‌یه‌".

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئێمه‌ داوامانکردووه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تى بکرێت‌و ته‌نانه‌ت داوامان له‌ئێرانیش کردووه‌ خۆیان بێن‌و لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن، به‌ڵام له‌بنه‌مادا ئه‌مه‌ بیانوه‌و هه‌وڵێکه‌ بۆ فشارخستنه‌سه‌ر ئێمه‌و زیاتریش فشارى سیاسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ى ئێمه‌ به‌شدارین تێیدا له‌عێراق بۆ پێکهێنانى حکوومه‌تى نوێ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هۆشداریمان پێبده‌ن‌و پاشه‌کشه‌مان پێبکه‌ن".

بارزانى ئه‌وه‌شى وت: "هاوکات موشه‌کبارانى هه‌ولێر فشارێکى دیکه‌یه‌ له‌سه‌رمان چونکه‌ ئێمه‌ بۆ داهاتوو ده‌ڕوانین‌و هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ببینه‌ ناوه‌ندێکى گه‌وره‌ى وزه‌ له‌جیهاندا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێرانیه‌کان نییه‌و بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت فشارمان له‌سه‌ر دروستبکه‌ن".

مه‌سروور بارزانى جه‌ختیکرده‌وه‌: "کۆڵ ناده‌ین ‌و هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌و بۆشاییه‌ وزه‌یه‌ پڕبکه‌ینه‌وه‌ که‌ جه‌نگ له‌سه‌ر جیهانى دروستکردووه‌، پرسیارمان لێده‌کرێت ئێمه‌ ڕێگه‌مان پێدراوه‌ ئه‌وکاره‌ بکه‌ین، به‌ڵێ ئه‌وکاره‌ى ئێمه‌ ده‌ستمانداوه‌تێ له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆمان‌و هه‌موو جیهانیشه‌".

له‌باره‌ى کێشه‌کانیش له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ عێراقیش گفتوگۆ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانمان بکه‌ین‌و به‌رگریش له‌مافه‌ ده‌ستوریه‌کانى خۆمان ده‌که‌ین‌و پێمانوایه‌ ئه‌و بڕیاره‌شى له‌ڕابردوودا دراوه‌ دژى ئێمه‌ سیاسییه‌ نه‌ک یاسایی، ئێمه‌ ده‌زانین چى ئه‌نجامده‌ده‌ین‌و چى ئه‌نجام ناده‌ین".

ئه‌وه‌شى وت: "ئه‌و یاسایانه‌ى له‌عێراق بوونیان هه‌یه‌ هه‌مان ئه‌و یاسایانه‌ن که‌ له‌سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عسدا بوونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موارى ئه‌و یاسایانه‌ بکه‌ینه‌وه‌".

News Code 5571

Your Comment

You are replying to: .
captcha