بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو کرد و گوتی، بۆیە بەقورسی دەزانێت هەڵبژاردن بکرێت، "چونکە کۆدەنگی لەسەر نییە." دەشڵێت، ئەوان پڕۆژەیاسایان پێشکێشکردووە، بەڵام نایبینن کە لە پەرلەمان کۆدەنگی لەسەر بێت و یاسای هەڵبژاردن دەربچوێنن. هاوکات لەبارەی بەشداری و کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت قسەی کرد.
بە گوتەی کاردۆ محەممەد، ئێستا جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان "لە مناقەشەیەکی توونددان" لەبارەی کشانەوە یان مانەوەی بزووتنەوەکە لە حکومەت، گوتی، "ئەگەر بە قازانجی خەڵکی کوردستانی بزانین، بەڵێ دەکشێینەوە."
لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەت، کاردۆ محەممەد رایگەیاند، "هەموو هێزێکی سیاسی لە هەر هەڵوێست وەرگرتنێکدا پێویستە خوێندنەوەی بۆ بکات و بزانێت کاریگەری چییە ئەو کشانەوەیە.. ئەو کاتە بڕیارەکە شێوازێک وەردەگرێت کە زانستییە و هەڕەمەکی نییە." گوتیشی، "لەڕووی خەڵکەوە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان و قاعیدەی خۆیشمان پێیان وایە بەشداریمان گەورەترین گورزی لێداوین."
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنیش، بە گوتەی کاردۆ محەممەد، ئەو یاسایەی ئێستا هەیە، "یاسایەکی هەڵبژاردنی پوخت نییە" و لە تۆماری دەنگدەران و فرەبازنەیی کێشەی هەیە، ئەو پڕۆژەیاسایەی ئەوانیش کە ساڵێک لەمەوبەر پێشکێشیان کردووە، چارەسەری ئەو گرفتانە دەکات.
تێڕوانینی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێکە، ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەکە رایگەیاند، "ئێمە لەسەر کێشەکانی پارتی و یەکێتی نەوەستاوین و.. بەلامانەوە گرنگە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراتی بێت و پێویستە خەڵکی کوردستان ئیرادەی خۆی بە نوێکردنەوەی نوێنەرەکانی لە هەڵبژاردنێکی پوختدا بکات کە بە چاودێریی نێودەوڵەتی بێت و پابەندبێت بە یاسا."
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، کاردۆ محەممەد گوتی، "هیچ هەڵبژاردنێک لە کوردستان پاک و ئازاد و بێگەرد نەبووە."
لە هەڵبژاردنی پێشوو گۆڕان ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی کەمیانکرد، کاردۆ محەممەد گوتی، "گرنگە" گۆڕان خۆی نوێبکاتەوە پێش بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و "بەخۆیدا بچێتەوە." دەشڵێت، نامانەوێت بەم شێوەیەی ئێستاوە بچێتە هەڵبژاردن.
کاردۆ محەممەد باسی لەوەشکرد کە گۆڕان داوای لە پارتی نەکردووە هەڵبژاردن دوابخرێت و ئەوان پابەندن بە یاسا و بەشداری لە هەڵبژاردن.
لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، ئەوان لەگەڵ فرەبازنەییدان، "لەبەر ئەوەی دادپەروەریی جوگرافی تێدایە و کاریگەری دەبێت بۆ نوێنەرایەتیی ناوچەکان."
سەبارەت بە کێشەی مووچە و خانەنشینان، کاردۆ محەممەد گوتی، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و خەڵکی کوردستان "بە هێزێکی یەکگرتووەوە بەشداری بکەن" ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.
Your Comment