بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، کەسێک بەناوی "نایف کوردستانی" تویتێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا باسی لە مەرجەعیەت کردوە و ئەوەش بە "سووکایەتی" لێکدراوەتەوە.
ئەوەش هاوتوە، "ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سووکایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەکان بکرێت و دەستدرێژیان بکرێتە سەر و ئەو کارە بە هیچ جۆرێک قەبووڵ نییە."
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "ئەو کەسەی ئەو تویتەی بڵاوکردوەتەوە تەنیا گوزارشت لە رای خۆی دەکات، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان روون و راشکاوە لە رێزگرتن و نرخاندنی رۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی و ئەو هەڵوێستەش وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لەسەری بەردەوام دەبن."
شەوی رابردوو تویتی کەسێک بەناوی د. نایف کوردستانی لەسەر مەرجەعیەت کە رایگەیاندبوو، "مەرجەعێکی عەرەبمان دەوێت کە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەک مەرجەعی هیندی و فارسی". ئەمەش لایەنگرانی عەلی سیستانی تووڕە کرد و لەبەردەم بارەگای پارتی لە بەغدا ناڕەزاییان دەربڕی، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو کەسە وەک دەوترێت کادری پارتی دیموکراتی کوردستانە داوای لێبوردنی کرد و توویتەکەی سڕییەوە.
Your Comment