بەرهەم ساڵح: دۆخی هەستیاری عێراق بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی هەمووان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، دۆخی هەستیاری ئێستای عێراق بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی هەمووان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ شەممە 26.3.2022، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: نەبوونی لێکتێگەشتنی نیشتمانی و بەڕێوەنەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ بەدیهێنانی شایستە دەستوورییەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت، مایەی "داخ و نیگەرانییە، چونکە بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی هاوکات لەگەڵ ئەو ئالنگارییە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە چیدیکە قبووڵ ناکرێت".

سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت خودی ئامانجەکە نەبوو، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ چاکسازی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ باشترکردنی بارودۆخی گشتی لە عێراق، لەپاڵ بەدەنگەوە هاتنی داخوازییە رەواکانی گەلی عێراق، پەرلەمانی ئێستاش کە بەرهەمی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە، چونکە دوای جووڵەیەکی جەماوەری و کۆدەنگییەکی نیشتمانیی فراوان هات، کە داوای راستکردنەوەی ھەڵەکانی رابردوو و کۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسییە بەردەوامەکانی عێراقی کرد، نەک بەردەوامیدانیان.

بەرهەم ساڵح ئاماژە بەوەش دەکات، "لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی نیشتمانیدان، چونکە عێراق بە هەلومەرجێکی دژواردا تێپەڕی، دۆخی هەستیاری ئێستاش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی هەمووان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێک بتوانێ بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزێت و داخوازییەکانی عێراقییەکانیش بەدیبێنێت، بۆیە لەم سۆنگەوە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم گفتوگۆی جیددی و کارا دەستپێبکەن بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە".

News Code 5543

Your Comment

You are replying to: .
captcha